لە ئامەد شوفێری پاسێک بە گولـلەی وێڵ کوژرا

06-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە شارۆچکەی یەنیشەهیری ئامەدی باکووری کوردستان تەقە لە کەسێک کرا و بریندار کرا، شوفێری پاسێکیش کە پەیوەندی بە رووداوەکە نەبووە، دوای برینداربوونی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەی یەنیشەهیر لە ئامەدی باکووری کوردستان، شەوی رابردوو 5ـی کانوونی دووەمی 2024، لە شەقامی یاشار کەمال لە گەڕەکی ئۆفیس، دوو کەسی نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان کردە کەسێکی دیکە و برینداریان کرد، کەسێکی دیکەش کە شوفێری پاسێکی هێڵی گشتی بوو، بە رێکەوت لە کاتی تەقەکردنەکەدا بەوێدا تێپەڕیوە، گوللـەیەک بەر سەری کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە. 
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی پۆلیس و ژمارەیەک ئەمبووڵانس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و هەردوو بریندارەکانیان بەخێرایی گەیاندە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی و دواتر شوفێری پاسەکە گوازرایەوە بەشی نەشتەرگەرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی فێرکاری سەر بە زانکۆی دیجلە، بەڵام سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، گیانی لەدەستدا.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقەکردنەکە نازانرێت و پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە، رووخساری تەقەکەرەکانی ئاشکرا کرد و کار بۆ دۆزینەوەیان و دەستگیرکردنیان دەکات. 
 
دەزگای ئوموت کە بەدواداچوون و راپۆرتەکانی زیاتر تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی چەک لە دەستی خەڵک دەکات، رۆژی 02-08-2023 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، نۆ چەکی بێ مۆڵەت هەیە. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە، کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە."
 
دەزگاکە هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی چەک دەدات؛ بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس گیانلەدەستدەدەن و 20ی دیکەش بریندار دەبن. ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هەزار کەس. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2022ی دەزگای ئوموت، لە سێ هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئاکامدا دوو هەزار و 278 کەس کوژراون و چوار هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی هێشتا ماویەتی.

کۆماری فەسائیلەکان؛ چۆن ترەمپ مووشەکبارانی گرووپە شیعەکانی عێراقی راگرت؟

کاتێک لە کەرکووکەوە بەرەو بەغدا دەچیت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پایتەختەکە، دەسەڵاتی گرووپە شیعییەکان زیاتر دەردەکەوێت. ئاڵا رەش و سەوزەکان لە رێگەدا بە بەردەوامی دەبینرێن، وەکو شایەتێک بۆ هەژموونێک کە چاو ناتوانێت هەڵەی تێدا بکات.