ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بۆ دەنگدان بە دوو بەڕێوەبەری ناحیە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنەکەیان بۆ دەنگدان لەسەر بەربژێرانی دوو بەڕێوەبەری ناحیە، رەزامەندیدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی کە بووەتە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پرسی خراپیی بەشەخۆراکی مانگانە کۆببێتەوە.
رۆژی هەینی 6-1-2023، بێريڤان سهليم شهمۆ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک لەبارەی کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە کاژێر 11:00ـی دووشەممە لەسەر سێ خاڵ ئەنجوومەنی پارێزگا کۆببێتەوە، یەکەم بۆ دەنگدانە لەسەر دوو بەربژێر بۆ دوو بەڕێوەبەری ناحیە."
بەپێی گوتەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بەربژێرانی پۆستەکانی بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی چەمانکێ و خانکێ ئەم دوو کەسەن:
- ئیسماعیل حەمید محەممەد، بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ.
- زەردەشت شامۆ شێخۆ، بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ.
بێريڤان سهليم شهمۆ باس لە خاڵی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە دەکات و دەڵێت، بۆ دەنگدانە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی فارس یوخەننا بالیۆس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بەهۆی ئەوەی پۆستێک وەردەگرێت و دەبێتە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
خاڵی سێیەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە بە گوتەی بێريڤان سهليم شهمۆ، بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی ئەو بڕیارەیە کە مانگێک لەمەوبەر داویانە بۆ "باشترکردن"ی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لە پارێزگای دهۆک کە چەند کێشەیەکی هەبوو، دووشەممە تاوتوێی ئەو گۆڕانکاری و ئەنجامانە دەکەن کە لە بڕیارەکەوە بەدەستهاتوون.