چیرۆکی گیانلەدەستدانی کرێکارێکی گانایی بە کۆرۆنا لە گەرمیان؛ دایکی چوار منداڵ بوو


رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو هەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە، دۆریس ئۆسێل -ی تەمەنى 41 ساڵ و دایکى چوار منداڵ کە کرێکارێکی گانایی بوو، گیانی لەدەستدا. دۆریس سێ ساڵ بوو بۆ کارکردن چووبووە سلێمانى، نزیکەی دوو ساڵیش بوو لە ناحیەى رزگارى سەربە قەزاى کفرى لە سنوورى گەرمیان لە ماڵێک کارى دەکرد.
 
محەممەد هەژار، سەرۆکى رێکخراوى بەرگرى لە مافى کرێکارانى بیانى رایگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ لەم رێوڕەسمەدا دەمانەوێن بۆ هەموو دنیاى بسەلمێنین کە کوردستان لانکەى رێزگرتنە لە هەموو پێکهاتە و نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان و وڵاتى هەموو خەڵکە."
 
تەرمى ئەو ژنە دوو هەفتە لە پزیشکى دادی سلێمانى مابووەوە، دواى رەزامەندیى کەسوکارەکەى، لە گۆڕستانى کریستیانەکان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
 
نو ئۆمی، کرێکارى گانایی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هەموو هاوڕێکانى هاتووین بۆ ئەم گۆڕستانە، هەموویان دەبینم تەنیا هاوڕێکەم نەماوە، ئەو منداڵ و هاوژینی هەیە و هەموویان لە ئەفریقا چاوەڕێی بوون، بەڵام هەموویانی بەجێهێشت."
 
کەسوکارى ئۆسێل بەهۆى هەژارییەوە نەیانتوانى تەرمى کچەکەیان وەربگرنەوە، لە رۆژى بە خاک سپاردنەکەشیدا، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەیری رێوڕەسمەکەیان دەکرد، بەڵام پرسەکەی لە گانا بوو. 
 
ئەنجامى پشکنینەکانى ئۆسێل ئەوەیان دەرخستبوو کە تووشى کۆرۆنا بووە و بەهۆى بەرزیى رێژى هەوکردنى سییەکانییەوە، دواى هەفتەیەک لە چارەسەرکردن، گیانى لەدەستدا.
 
هێمن عەبدولقادر، خاوەنکارى کرێکارەکە باسی لەوە کرد، "لە کەلار پشکنینمان بۆ کرد [هەوکردنەکەی] 270 بوو کە گەیاندمە نەخۆشخانەی شار گەیشتە 350. نەخۆشخانەیەکی تایبەتمان بۆی گرت، چەند شوێک لەوێ مایەوە [دواتر گیانی لەدەستدا."
 
بەپێى ئامارى رێکخراوى بەرگرى لە مافى کرێکارانى بیانى، لە هەرێمى کوردستان 37 هەزار کرێکارى بیانى هەن کە لە 27 وڵاتەوە هاتوون. ساڵى 2022 لە هەرێمى کوردستان 13 کرێکارى بیانى گیانیان لەدەستداوە، حەوت کرێکار براونەتەوە بۆ وڵاتى خۆیان و شەش کەسیان لە هەرێمی کوردستان بە خاک سپێردراون.