هەڤاڵ ئەبوبەکر پێشنیاز دەکات رۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بکرێتە رۆژی جیهانیی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی
رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداری سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حیزبەکان و بەرپرسانی حکومی لە پارێزگای سلێمانی، یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی کرایەوە. پارێزگاری سلێمانی پێشنیازی کرد، ئەو رۆژە بکرێتە "رۆژی جیهانیی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-01-2022، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بە ئامادەبوونی مەهدی شووشتەری، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حیزبی و حکومی لەو پارێزگایە، یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کرایەوە.
رێوڕەسمەکە لەلایەن کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی رێکخرابوو، لە سەرەتا رێوڕەسمەکەش، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی کۆکردووەتەوە، باسی یاد و یادەوەری و شکۆمەندی و جوامێری و بەشداری سەروەر سەردار سولەیمانی و هاوڕێکانیەتی لە پشتیوانیکردنی ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان لە کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەرکێکی مرۆڤایەتی گەورە، کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە".
پارێزگاری سلێمانی پێشنیازی کرد ئەو رۆژە ببێتە "رۆژی جیهانیی ئاشتی و رۆژی دیالۆگی گەردوونی". هەروەها "عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان ببێتە سەکۆ و مینبەری دیالۆگێک کە کۆتایی بە شەڕ و بەریەککەوتن و ئاشووب و ناکۆکییەکان بهێنێت".
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کە بە ئایەتی 23ی سورەتی ئەحزاب لە قورئانی پیرۆز، دەستی بە قسەکانی کرد گوتی: "پێمانوایە ئەم رۆژە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤایەتییە دژی تیرۆر، یەکڕیزیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤان و گەریلا و سوپای عێراق و دۆستەکانمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو بەشدارییانەی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سەرەتا و کۆتایی و سەنگەری دوایی تیرۆریستانی داعش لە عێراقدا رووبەڕووی بوونەوە".
لەبارەی رۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "رۆژی ماتەمینی نییە"، دەشڵێت، وەکو لە ئایەتەکەی قورئانی پیرۆزدا خوێندیەوە، "ئەم بەڕێزانە [قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی] و هەر کەسێک لە رێگەی دادپەروەری و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و ئازادیدا گیانی بەخت دەکات، زیندووە. هەموومان دەمرین، بەڵام شەهیدەکان، خوای گەورە دەفەرموێت کە ئەوانە بە زیندوویی دەمێننەوە، هەر زیندوویەکی ئاسایی نا، تەنانەت دەبنە مایەی رزق و رۆزی و سەرکەوتن و سەرفرازی، نەک بۆ خۆیان و خانەوادەکەیان و هێزە سیاسییەکەیان و دەوڵەتەکەیان، بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی".
هەروەها عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێوڕەسمەکە گوتارێکی پێشکەش کرد.
عەدنانی حەمەی مینا 'قاسم سولەیمانی'ی وەک "دۆستی گەلی کورد و گەلی عێراق و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و شەهیدی فەرماندە" ناساند و گوتی: "هەمیشە فەزڵ و چاکەی دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەیاد ناکەین و بەردەوام ئەو وێنە باشانەی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان لەبەرچاوە لە قۆناخە سەختەکان کە پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە".
هەروەها باسی لە رۆڵی فەرماندەکەی پێشووی سوپای قودسی پاسداران لە شەڕی داعش کرد و گوتی: "رۆڵی قارەمانانەی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لەبیر ناکرێت، کە سەنگەر بە سەنگەر پشتیوانی بەسیج ئاسا و پێشمەرگانە بەهانای کۆششی هێزەکانی دژی داعشەوە هاتووە، لە رووی سەربازی و لۆجیستیەوە هەمیشە هیمەتی نواندووە، لەگەڵ جەنگاوەرانی کورد و عێراقدا تاوەکو کۆتاییان بەو رێکخراوە تیرۆریستیە هێناو جارێکی دیکەش ئارامی و ئۆقرەییان بۆ خەڵک گێڕایەوە".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا محەممەدی حاجی محمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و ئەویش لە باس و رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەرماندەکەی پێشووی سوپای قودسی پاسداران لە سەروبەندی هاتنی داعش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: "یەکەم وڵات لە ناوچەکە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، لە رێگەی سێ بۆ چوار فڕۆکە، چەک و تەقەمەنی گەیاندە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر، هاوکات زیاتر لە 40 کەسی شارەزاشیان گەیاندە ئەوێ بە فەرماندەیی سەردار قاسم سولەیمانی".
محمدی حاجی محمود گوتیشی: "هاوکاری و پشتیوانی مەعنەوی و سیاسی و میدیایی ئەوان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو کاتەدا، کارێکی گرنگ و پشتیوانییەکی گرنگبوو بۆ میللەتەکەمان و لەنێوبردنی داعش لە ناوچەکە".
لەبارەی رۆڵی قاسم سولەیمانی، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە ماوەی 3 و ساڵ و نیوی شەڕ لەگەڵ داعش، حاجی قاسم لە خانەقین و کەرکووک و هەولێر و مەخموور، رۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبوو، ئەو پشتیوانییە لەو رۆژەدا بۆ میللەتەکەمان گرنگبوو. دڵنیام ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووایەە داعش دەگەیشتە بەغدا و دیمەشق".
بەرەبەیانی 3ی کانوونی دووەمی 2020، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و هەردووکیان کوژران.
بۆردوومانەکە کاردانەوەی ئێران و بەشێکی زۆر لە هێزە شیعەکانی عێراقی بەدوادا هات. رۆژی 05-01-2020 پەرلەمانی عێراق بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە سوننەکان کۆبووەوە و بڕیاریدا هێزە بیانییەکان خاکی عێراق جێبهێڵن.