رووداو دیجیتاڵ
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوا دەکات 7ـی کانوونی یەکەم سەرجەم مووچەخۆرانی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان خۆپێشاندان بکەن، دەشڵێت، بۆ تەوتین سەردانی بەغدا دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 05-12-2024، دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیێندراوێکدا لە سلێمانی، کاژێر 10:00ـی رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی بۆ خۆپێشاندان دژی دواکەوتنی مووچەکانی مانگی 10 و 11 دیاری کرد.
نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە، ''بەمزووانە دەچینەوە بەغدا و کاری دیپلۆماسیی بەردەوام دەکەین، بۆ چەسپاندنی تەوتین لەسەر بانکە فیدراڵییەکان.''
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، 'داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکات، بەشداریی "خۆپێشاندانی هێمنانە"ـی رۆژی شەممە بکەن.
نەجمەدین، یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لەبارەی خۆپێشاندانەکە گوتی، ''تاوەکو ئێستا بڕیاری دەستەی داکۆکی ئەوەیە کە تەنیا رۆژی شەممە، هەموو فەرمانبەران، مامۆستایان، خانەنشینان، کەمئەندامان و سەرجەم زیانلێکەوتووان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان بێنە سەر شەقامەکان و بڕیاری بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکە نەدراوە.''
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دوای خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دژی درەنگ هاتنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوە، بەهەمیشەییکردنی گرێبەست و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ژمارەیەک داواکاریی دیکە، دامەزرا.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە و 48 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچە (مووچەی مانگی ئەیلوول) تێپەڕیوە، بەهۆیەوە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی چەند فەرمانگەیەک لە سنووری پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتیان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ