رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی نۆیەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دەکەن، بۆ ئەم مانگە پێنج مادەی خۆراکی دابەشدەکرێت. دەشڵێت، لە سەرتاسەری عێراق گرفتی کەمی رۆنی شلیان هەیە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی میوانی پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە پێشکێشکاری رووداو، محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و گوتی، بەشەخۆراکی هەشتەم دابەشکراوە و تەنیا لە چەند مەڵبەندێک کێشەی کەمی رۆنی شل هەبووە و ئێستا رۆژانە رۆنیان بەدەست دەگات و راستەوخۆ دابەشی دەکەن.
کامەران فەتاح هەروەها گوتی، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمییان بۆ هاتووە کە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو 8-12-2024، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکـی نوێ بکەن.
لەبارەی کاتی دابەشکردنەکەشەوە، کامەران فەتاح دەڵێت، بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراک پێویستیان بە نزیکەی 20 بۆ 25 رۆژ دەبێت، بۆیە هێشتا روون نییە کەی دابەش دەکرێت و وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری لێدەدات.
بەگوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی، هەموو مادە خۆراکییەکان بەشی پێویست لە کۆگەکاندا بەردەستن تەنیا رۆنی شل نەبێت کە لەهەموو عێراق گرفتی کەمی رۆنی زەیت هەیە.
نۆیەم سەبەتەی خۆراک لە پێنج مادە پێکدێت:
برنج: سێ کیلۆگرام
شەکر: یەک کیلۆگرام
رۆنی شل: یەک لیتر
لەتکەنۆک: یەک کیلۆگرام
دۆشاوی تەماتە: 400 گرام
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، 32 مەڵبەندی دابەشکردن و سێ هەزار و 245 بریکاری خۆراک هەن.
کامەران فەتاح دەڵێت، کۆی گشتی هاونیشتمانییانی سنوورەکە نزیکەی دوو ملیۆن و 71 هەزار و 184 کەسە و نزیکەی 13 هەزار تۆن خۆراکیان بەسەردا دابەش دەکەن.
لەبارەی کوالێتی خۆراکەکان، کامەران فەتاح گوتی، "ئەو خۆراکەی بۆمان دێت، لە تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و بەندەری ئوم قەسر پشکنینی بۆ دەکرێت. دەشڵێت، "ئەگەر هاونیشتمانییەک خۆراکی وەرگرت خراپ بوو، با راستەوخۆ ئاگادارمان بکاتەوە."
لە شوباتی ئەمساڵەوە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا وەرگرتنی پارەی بریکارەکانی خۆراک بکرێتە بانکی و بەکارت لێیان وەربگرێت، واتە هیچ بڕە پارەیەک بەشێوەی کاش لە بریکارەکان وەرنەگرێت.
ئەو بەرپرسەی خۆراکی سلێمانی دەشڵێت، "بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بریکارەکان دوادەکەوتن لە گەڕاندەوەی پارەی بەشەخۆراک، ئێستا بەڵێندەری گواستنەوەی خۆراک، پێشوەختە پارەکە لە بریکارەکان وەردەگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ