سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین: نزیکەی 1500 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: دوێنێ و ئەمڕۆ نزیکەی 1500 خێزانی کوردی عەفرین کە ئاوارەی حەلەب و دەوروبەری بوون گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، "گەڕانەوەی خێزانەکان بەردەوامە و ئێمە هاوکارییان دەکەین."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو دوێنێ ئێوارە نزیکەی هەزار و 200 خێزانی کورد ئاوارەی حەلەب و دەوروبەری گەڕاونەتەوە عەفرین، ئەمڕۆش نزیکەی 400 خێزانی دیکە گەڕاونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە و ئێمە هاوکارییان دەکەین، خێزانی زۆری دیکەش هەن کە لە گوندەکانی دەوروبەری ئیدلیب و حەمان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام دۆخی ئەو ناوچانە ئاڵۆزە و رێگاکان سەلامەت نین."
 
لەبارەی دەنگۆی بەئامانجگرتنی هاونیشتمانیانی عەفرین لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان، ئەحمەد حەسەن گوتی، "خەڵکیی بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ عەفرین نەکوژراون، بەڵام لە شەڕدا روودەدات، لە رۆژانی رابردوو باسی کوژرانی کەسێکی بەتەمەن و یەکێکی دیکەی شۆفێر بە گولـلەی چەکدارانی داعش و تەحریر شام دەکرا."
 
لە مانگی 10ـی ساڵی 2018، دوای ئەوەی سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکی هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین، (ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوو)، دوای شەڕێکی دوو مانگە و لە 18ی ئازاری 2018دا داگیریان کرد.
 
دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆر عەرەبی خەڵکی حەلەب، حەما و شارەکانی دەوروبەریان هاوردەی عەفرین کران. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە لەبارەی گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە دەڵێت، "تائێستا ژمارەیەکی کەمی عەرەبە ئاوارەکانی نێو عەفرین گەڕاونەتەوە، چونکە بارودۆخی حەلەب و شارەکانی دیکەش لەبار نییە و شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوامن، ئەوان ئامادەن دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە بگەڕێنەوە."
 
لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی شاری عەفرین لە ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەتی باکووری حەلەب لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین و بێجگە لە رەققە، ژمارەیەکیشیان جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین.