ئەو هاونیشتمانییەی لە بامەڕنێ بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە بریندار بوو، گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری عەلی جەمیل، ئەو هاونیشتمانییەی ئەمڕۆ بەر بۆردوومانی تورکیا کەوت لە بامەڕنێ، بە رووداویان راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا گیانی لەدەستدا.
بە گوتەی کەسوکارەکەی بۆ رووداو، عەلی تەمەنی 44 ساڵ بووە و پێشمەرگە بووە، بۆ کارکردن لەگەڵ هاوڕێیەکی چوار رۆژ بووە لەو سنوورە بووە.
بۆردوومانەکەی تورکیا کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بووە. نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەدووریی کەمتر لە کیلۆمەترێک بۆردوومانی نزیک ناحیەی بامەڕنێ لە سنووری قەزای ئامێدی کراوە و کەسێک هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
یەکێک لە بریندارەکان کە عەلی جەمیل بووە، گواسترایەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، بەڵام دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
ئیفلاح گولی، کەسوکاری عەلی بە رووداوی گوت، باوکی چوار منداڵە و تەمەنی 44 ساڵ بوو، چوار رۆژە بۆ کارکردن چووبووە ئەو ناوچەیە.