راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: سەدان پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروستکران و هیچ باجیان نەداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیا گەورەکانی وەبەرهێنان و نەوت بە یاسا باج نادەن، ئەوەش وایکردووە گوشاری سەر بزنسی بچووک و مامناوەند بۆ پێدانی باج زیاتر بێت. دەشڵێت، "حکومەت بە باجی سەرتاشخانە و فەلافلفرۆشی بەڕێوەناچێت."
 
ئەرشەد تەها، راوێژکاری ئابووری و دارایی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی پارتی، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژی رووداو، کە نالین حەسەن و زانا کایانی پێشکێشیان کرد، لەبارەی سیستمی کۆکردنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "لە وڵاتانی پێشکەوتوو 80%ی ئەوانەی باج دەدەن کۆمپانیا گەورەکانن، 20%ـەکەی دیکە خاوەنکار و بزنسە بچووکەکانن، بەڵام لە کوردستان کۆمپانیاکانی نەوت کە پڕۆژە گەورەکانیان لەدەستدایە، لە باج بەخشراون و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانیش تاوەکو 10 ساڵ لە باج بەخشراون، واتە کۆمپانیا گەورەکان بە یاسا باج نادەن، لە ئەنجامدا گوشارەکە دەکەوێتە سەر بزنسی مامناوەند و بچووک، کە توانای باجدانیان سنووردارە."
 
ئەو راوێژکارەی ئابووری و دارایی پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکات سیستمی باج رێکبخرێتەوە، بە شێوەیەک کە کۆمپانیا گەورەکان پابەندی دانی باج بکرێن و ئاسانکاری بۆ بزنسە مامناوەند و بچووکەکان بکرێت، بۆیە دەڵێت، "ئێستا پێویستمان بە هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و یاسای نەوت و گازیشە، هەرچەندە نەوت راگیراوە، لە هەمان کاتیشدا پێویستمان بەوەیە هاوکاریی بزنسی بچووک و مامناوەند بکەین تاوەکو بکەونە سەر پێ."
 
ئەرشەد تەها پێیوایە دامەزراوەی باج لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە داڕشتنەوەیە و کۆکردنەوەی باجیش کێشەی هەیە و دروست نییە، دەڵێت، "ئەو دەزگای باجەی لە هەرێمی کوردستان بۆمان ماوەتەوە، دەزگایەکی باجی پێشکەوتوو نییە تاوەکو ئامانجەکانی بپێکێت، لەڕووی جەوهەرییەوە کێشەی هەیە، لەڕووی تەکنیکیشەوە کۆکردنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان کێشەی هەیە، چونکە کۆکردنەوەی باج لەسەر بنەمای خەمڵاندنە نەک لەسەر بنەمای واقیع، دوو دووکاندار لە یەک ریزدا رەنگە خەمڵاندنی جیاوازیان بۆ بکرێت لەلایەن لیژنەکانی کۆکردنەوەی باج و زۆرجار سەرکەوتوو نابن لەو خەمڵاندنەش، ئەو دۆخە وادەکات باجدەرەکان بەرەو بازاڕی رەش و خۆدزینەوە لە باج هەنگاو بنێن."
 
ئەرشەد تەها، راوێژکاری ئابووری و دارایی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز دەکات، "هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرێت لە بەکارهێنانەوەی باج بۆ پێشخستنی ئابووری، نەوەک لەکەدارکردن و راگرتنی ئابووری، لە وڵاتانی ئەوروپا کە دەرامەتی سرووشتییان نییە، باج سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتە، بەڵام حکومەت گوشار لە پڕۆژە بچووکەکان ناکات و ئاسانکارییان بۆ دەکات تاوەکو دەکەونە سەر پێ، نابێت چاومان لە باجی ئەوان بێت، چونکە حکومەت بە باجی سەرتاشخانە و فەلافلفرۆشی بەڕێوەناچێت، دەبێت ئاسانکاری بۆ ئەوان بکرێت و کۆمپانیا گەورەکان لەبری ئەوان باج بدەن."
 
بە بڕوای ئەو راوێژکارەی پەرلەمان، "یەکێک لە گەورەترین کێشەکان لە کوردستان و عێراق ئەوەیە کە پلانی ئابووریمان نییە، تەمەنی عێراق 100 ساڵە و تەنیا لە ساڵی 1957 پلانی ئابووریی هەبووە، ئەوەش جێبەجێ نەکرا و کودەتا روویدا، بۆیە کە پلانت نەبوو و دیدێکی روونت نەبوو، باجیش سەری لێدەشێوێت."
 
پێشنیازی ئەوەش دەکات، کۆکردنەوەی باج بە ئەلیکترۆنی بکرێت لەپێناو گەیشتن بە باجی راستەقینە و دەڵێت "لە ئەوروپا بزنسە بچووکەکانیش داهاتەکانیان بە ئەلیکترۆنی کراوە و دواتر دەزگای باج سەیری داتاکان دەکات و دەزانێت داهاتی چەند بووە، لەسەر ئەو بنەمایە باجەکەیان دیاری دەکات، بە ئەلیکترۆنیکردنی سسیتمەکە نادادپەروەری کەمدەکاتەوە کە کاریگەری لەسەر ئابووری نەبێت، رەنگە پێویست نەکات سەری ساڵ داوای باج لە باجدەر بکات، بەڵکو راستەوخۆ لە هەژماری بانکی کەمدەکاتەوە، بەبێ ئەوەی گلەیی بێتەسەر."