یەکەم سەرۆکی ماڵی کورد لە تۆرێنتۆ: نزیکەی 100 هەزار کورد لە کەنەدا دەژین

05-12-2023
ناسر پیرۆتی
د. فەرەیدوون رەحمانی، کۆمەڵناس و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی لێکۆڵینەوەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی یۆرکی کەنەدا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی کوردستان.
د. فەرەیدوون رەحمانی، کۆمەڵناس و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی لێکۆڵینەوەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی یۆرکی کەنەدا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک کۆمەڵناسی کورد ئەنجوومەنێکیان بەناوی "ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی کوردستان" دامەزراند. ئەنجوومەنەکە لە کەنەدا بە فەرمی تۆمار کراوە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەڵێت، لەو رێگەیەوە دەتوانن ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی جیهان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 100 هەزار کورد لە کەنەدا دەژین.
 
د. فەرەیدوون رەحمانی، کۆمەڵناس و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی لێکۆڵینەوەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی یۆرکی کەنەدا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی کوردستان رۆژی سێشەممە 5-12-2023، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە گوتی، پێشتر چەندین جار داوایانکردووە وەکو کۆمەڵناسانی کوردستان ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی جیهان، بەڵام بە پاساوی ئەوەی کوردستان وڵات نییە، رێگەیان پێنەدراوە.
 
د. فەرەیدوون رەحمانی کە 25 ساڵە ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانە دەڵێت، پێشتر ساری حەنەفی، کۆمەڵناسیی فەلەستینی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بوو و رێگری لەوە دەکرد بە ناوی کۆمەڵناسانی کورد لەو ئەنجوومەنەدا بەشدار بن، بەڵام لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو ئەنجوومەنەدا کە مانگی 6ی ئەمساڵ لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو، کۆمەڵناسێکی بەلجیکی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسان هەڵبژێردرا کە شارەزای پرسی کوردە؛ بۆیە بەڵێنی پێدان هاوکارییان بکات تاوەکو وەک کۆمەڵناسانی کوردستان ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنەکە، بەو مەرجەی کۆمەڵناسانی کوردستان خۆیان رێکبخەن و لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کار بکەن؛ بۆیە ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی کوردستانیان دامەزراند و دوای تەواوکردنی کاروبارەکانی ئەو ئەنجوومەنە، دەتوانن داوا بکەن ببن بە ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی جیهان.
 
د. فەرەیدوون رەحمانی دەڵێت، "دەیانەوێت کوردستان ببێت بە خاوەنی ئەنجوومەنێکی زانستی و پیشەییانەی کۆمەڵناسی".
 
کۆنفرانسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسانی کوردستان لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو و نۆ کەس وەکو دەستەی کاتی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران. بڕیارە لە مانگی 9 یان 10ی 2024 کۆنفرانسی یەکەمی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەبچێت و دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرێن. د. فەرەیدوون رەحمانی دەڵێت، "ئەو ئەنجوومەنە لە کۆمەڵناسانی هەموو کوردستان و زانکۆ جیاوازەکانی کوردستان پێکدێت و گرنگی بە بەشداری شارەزایانی ژن و گەنج دەدرێت".
 
"کۆمەڵناسی لە کوردستان بەرەوپێش نەچووە و نوێ نابێتەوە"
 
ئەو کۆمەڵناسە لەبارەی ساردبوونەوەی خوێندکاران بۆ خوێندنی کۆمەڵناسی لە زانکۆکان دەڵێت، "زانکۆکان لە کوردستان لەگەڵ رەوتی نوێ و مۆدێرنی کۆمەڵناسی ناچنە پێش. دەبێت گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بنەمای زانستیی کۆمەڵناسی لە کوردستان بکرێت".
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆی یۆرکی کەنەدا دەڵێت، یەک لەو بابەتانەی لە جیهان کاری لەسەر دەکرێت، فرەچەشن و فرەڕەوتکردنی کۆمەڵناسی و تێکەڵکردنی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵناسییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت پرسەکانی وەکو ژینگە، ژن، مافی مرۆڤ، مافی نەتەوە، شەڕ و ئاشتی، ئابووری، تەکنۆلۆجیا و بابەتی دیکە لە کۆمەڵناسیدا بەشدارییان پێ بکرێت.
 
"100 هەزار کورد لە کەنەدا دەژین"
 
د. فەرەیدوون رەحمانی یەکەم سەرۆکی "ماڵی کورد لە تۆرێنتۆ"ی کەنەدا بووە. ئەو لەبارەی ژمارەی کورد لە کەنەدا بە تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ژمارەی تەواوی کورد لەو وڵاتە نازاندرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی، پێی وایە 100 هەزار کورد لە کەنەدا دەژین.
 
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، هاونیشتمانیان لە کەنەدا وەکو کورد تۆمار ناکرێن و بە ناوی ئەو وڵاتانەوە تۆمار دەکرێن کە لێیانەوە چوون، واتە بەناوی ئێرانی، عێراقی، تورکیایی و سووریایی تۆمار دەکرێن؛ دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پەیوەندییان بە سەرۆکی رێکخراوی ئاماری کەنەداوە کردووە و داوایانکردووە رێگە بدەن خەڵک خۆیان شوناسی نەتەوەییان دیاری بکەن.
 
لە سەرژمێرییەکانی کەنەدا پرسیار لەبارەی زمانی دایک، شوێنی لەدایکبوون و ئەو وڵاتەی هاووڵاتی لێیەوە چووەتە کەنەدا دەکرێت، بەڵام کورد ناتوانن ناوی کوردستان هەڵبژێرن، چونکە لە لیستی وڵاتەکاندا نییە.
 
د. فەرەیدوون رەحمانی دەڵێت، "لە پرسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤدا ئاماژە بە مافی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان کراوە و خەڵک مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لەسەر پێناسەی شوناسی نەتەوەیی خۆیان بدەن، بۆیە داوایانکردووە رێگە بدرێت کورد لە سەرژمێرییەکاندا شوناسی نەتەوەیی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و شاڵاو کۆسرەت رەسوول، بەربژێری ئەو حیزبە لە هەولێر

بافڵ تاڵەبانی: غاز رادەست ناکەم

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێن بە خەڵکی کۆیە دەدات، ئەگەر دەنگیان پێبدەن، ئەو شارە بکاتە "ئیدارەی سەربەخۆ". بافڵ تاڵەبانی لە گوتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی لە کۆیە رایگەیاند "غاز رادەست ناکەم".