سوپای عێراق بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی سنووری کەرکووک دەکاتە سەربازگە

05-12-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
بەشێک لەو زەوییانەی کراونەتە سەربازگە
بەشێک لەو زەوییانەی کراونەتە سەربازگە
نیشانەکردن جووتیارانی کورد کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فیرقەی یانزەی سوپای عێراق، بەشێکی زۆری زەویوزاری جووتیارانی تۆپزاوا و تڕکەڵانیان "داگیرکردووە" و کردوویەتی بە سەربازگە، سەرەڕای بوونی تاپۆ و بەڵگەی خاوەندارێتیی زەوییەکان بەڵام ئەو هێزە بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانە. 
 
نەجیب عیزەدین، جووتیارێکی تورکمانی گوندی تۆپزاوایە زیاتر لە نیوەی زەوییەکەی دەستی بەسەرداگیراوە و کراوەتە سەربازگە، بەڵام دوێنێ دووشەممە، فەرماندە سەربازییەکان بەشێکی دیکەی زەوییەکەی لێ داگیرکردووە و لە بەرچاوی خۆی کارییان لەسەری کردووە و خستوویانەتە نێو سنووری سەربازگەکەیانەوە.
 
جووتیارانی ئەو ناوچەیە دەڵێن تاپۆ و بەڵگەی خاوەندارێتیی ئەو زەوییانەیان هەیە، بەڵام ئەو بەڵگانە بەری بەو دەستبەسەرداگرتنە نەگرتووە.
 
نەجیب عەزەدین بە رووداوی گوت، "ئێمە کارمان دەکرد و ئاومان دەدا لەسەر زەوییەکانی خۆمان، هاتن و گوتیان، بۆرییەکانتان هەڵگرن، گوتمان بۆچی؟ گوتی ئێمە پێویستمان بەم زەوییەیە تا سەربازگەکە گەورەوە بکەین، بەئێمەیان گوت، سێ مەتر، بەڵام درۆیان کرد سێ مەتر بووە 150 مەتر."
 
رووداو پەیوەندی بە هێزە سەربازییەکانەوە کرد لەسەر ئەو پرسە، ئەوان ئامادەنەبوون قسەی لەبارەوە بکەن، تەنیا گوتیان، "زەوی ئەو ناوچەیە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە."
 
وەکو ناڕەزایی لەبارەی داگیرکردن و دەستگرتن بەسەر زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە، جووتیارانی کورد و تورکمانی تۆپزاوا و تڕکەڵان گردبوونەوە. 
 
ئەو جووتیارانە دەڵێن، "زیاتر لە60 زەوییان کەوتووەتە نێو سنووری سەربازگەکانەوە، لە کاتێکدا ئەو زەویوزارانە بڕیاری 29 دەیانگرێتەوە و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنی تاپۆکان."
 
ساتیح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوایە و گوتی، "ئەمە پێچەوانەی بڕیاری 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانە چونکە ئەو زەوییە لەچوارچێوەی بڕیاری29دان و کە ئێستا لەبواری جێبەجێکردندایە و رێکاری ماوە تاوەکو مافی بەکارهێنانەوەی بدرێتەوە خاوەن تاپۆ."
 
جەمال عوسمان، جووتیارێکی گوندی قزلیارە دەڵێت، "لە گوندەکەمان نزیکەی 2000 دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەن کە سەرجەمی عەرەبی هاوردە داگیری کردووە کە دەچینە سەر زەوییەکانمان ناهێڵن بیکێڵین."
 
گەرچی بەپێی دوایین بڕیاری ماددەی 140 پێویستە ئەو زەوییانەی لەسەردەمی رژێمی پێشوو بە بڕیاری لیژنەی ناوچەی باکوور لە کورد و تورکمان وەرگیراونەتەوە بدرێتەوە خاوەنەکانیان، بەڵام تائێستا هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە و تادێت سەر ئێشەی زیاتر بۆ جووتیاران دروست دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە