ئاسایشی هەولێر: باندێکی چوار کەسیی بازرگانیی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی چوار بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند، کە خەڵکی سووریان و دووانیان ئافرەتن. هاوکات دەست بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەریشدا گیرا.
 
شەوی دووشەممە 04-12-2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەری راگەیاند، کە هیچیان خەڵکی هەرێمی کوردستان نین. ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەکانمانەوە باندێکی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانمان دەستگیرکرد، کە لە دوو ئافرەت و دوو پیاو پێکهاتوون و خەڵکی سووریان، بە ناوەکانی (س. ن. م)، (ر. ع. ا)، (س. ع. ب) و (م. خ. ع)."
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەکاتی دەستگیرکردنیان دەست بەسەر کەلوپەلی بەکارهێنان و بڕێک مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ماریوانادا گیراوە.
 
بەگوێرەی ئاماری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 617 بەکارهێنەر و 480 بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون، دوو هەزار و 166 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە دەزگا ئەمنییەکان راگیراون، لەوانە 807 بازرگان و هەزار و 359 بەکارهێنەرن. کۆی گشتی سزادراوان و راگیراوان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سێ هەزار و 301 کەس.
 
بەپێی نوێترین ئامار، ئێستا لە عێراق 11 هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە زیندانەکانن.