CPT: لە شەوی رابردووەوە تورکیا نۆ جار چیای مەتین و ناحیەی بامەڕنێی بۆردوومان کردووە

05-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی تیمی کوردستانی (CPT)ی ئەمریکی رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە هێزی ئاسمانیی تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە نۆ جار چیای مەتین و ناحیەی بامەڕنێ و بەشێک لە گوندەکانی سنووری ئەو ناحیەیەی بۆردوومان کردووە. دەشڵێت، "لە ساڵی 2015وە تائێستا 149 سڤیل بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە."
 
رۆژی سێشەممە 05-12-2023 کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناحیەی بامەڕنێ، کە بەهۆیانەوە هاووڵاتییەک کوژرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە کاژێر 07:15ی بەیانیی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆردوومانی گەلی شکەفتا ئەینێی لە ناحیەی بامەڕنێ لە قەزای ئامێدی کرد، بۆردوومانەکە لە نزیک پڕۆژەیەکی ئاوی ئەو ناوچەیە بووە، کەسێک بە ناوی (عەلی جەمیل کەلەش)، تەمەن 43 ساڵ، دانیشتووی قەزای باتیفا لە قەزای زاخۆ گیانی لەدەستدا. شوانێکی تەمەن 24 ساڵیش بە ناوی (مەتین سدیق جەمیل) کە دانیشتووی ناحیەی بامەڕنێیە بە سەختی بریندار بووە."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان، ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە، لە باتیفاوە دەچوو بۆ بامەڕنێ؛ بەشێک لە خزم و کەسوکارەکەیشی دەڵێن، لەگەڵ کەسێکی دیکەدا چووە بۆ کۆکردنەوەی دار بۆ وەرزی زستان.
 
کامەران عوسمان ئاشکرای کرد، ئەگەر پشتڕاستبووەوە ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، سڤیلە، ئەوە ژمارەی ئەوانەی لە ساڵی 2015 بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، دەگاتە 150 کەس، هەروەها 228 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە