رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان دارستانێکی هەنگوین دروستکرا کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی کوالیتی و زیادکردنی بڕی بەرهەمی هەنگوین لەو ناوچەیە.
شارۆچکەی قامیشان لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان بە هەنگوینە ناوازەکەی ناسراوە، دوای دروستکردنی ئەو دارستانەش چاوەڕێدەکرێت هەنگوینی ناوچەکە باشتریش ببێت.
نەسیم گۆک، سەرۆکی ژووری بازرگانیی قامیشان دەڵێت، "ناوچەکەمان لە سەرەتاوە بە بەرهەمی هەنگوین دەوڵەمەندە. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانیش دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر دارستانی هەنگوینیان ئامادەکردووە. لەڕاستیدا ئەوان چەند گوڵێکی جیاوازیان چاندووە کە لە ناوچەکەماندا نین و گرنگن".
وەک قۆناخی یەکەم، زیاتر لە 50 دۆنم بۆ ئەو گوڵانە تەرخانکراوە کە تایبەتن بە هەنگ و رۆڵیان لە بەرزکردنەوەی کوالیتیی هەنگویندا هەیە.
لەو دارستانەدا 12 هەزار نەمام چێندراون و 5 هەزار تۆوی تایبەتی گوڵ خراوەتە ژێر خاک. لەو بارەوە سەرهەد یڵدز، هەنگوینفرۆشێک دەڵێت، "ئەو دارستانەی هەنگوین کە دروستکراوە بۆ ئێمە کە هەنگوین بەرهەمدەهێنین و دەیفرۆشین، تابڵێی گرنگە. پەنا بەخوا ساڵی ئایندە بەرهەمی باشترمان دەبێت و هەنگوینی زۆرتر دەفرۆشین".
نرخی کیلۆیەک هەنگوینی قامیشان 25 بۆ 30 دۆلارە. بەپێی راپۆرتی ئەنستیتۆی گەشەپێدانی کشتوکاڵی تورکیا، ساڵانە لە باکووری کوردستان و تورکیادا زیاتر لە هەشت هەزار تۆن هەنگوین بەرهەمدەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ