پەرلەمانتارێکی کورد داوای جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژە لە حکومەتی عێراق بۆ خورماتوو دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ژمارەیەک پرۆژە بۆ قەزای خوورماتوو جێبەجێ بکرێن، لەوانەش دروستکردنی بەنداوی ئاوەسپی و راکێشانی بۆریی ئاوی خواردنەوە بۆ قەزاکە و چاککردنەوەی پردی زەرگە.
 
رۆژی دووشەممە 05-12-2022، کەریم شوکر، نوێنەری قەزای خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە لەکاتی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پارێزگای سەلاحەدین، بە نووسراوی فەرمی کۆمەڵێک داواکاریی پێشێکش کردووە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژە لە سنووری قەزاکە.
 
نوێنەرەکەی کورد لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین گوتی، داوایکردووە کارکردنەوە لە دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی خورماتوو پەلەی تێدابکرێت کە لە 2015وە کارکردن تێیدا وەستاوە؛ هەروەها داوایکردووە خاوەندارێتیی زەویی کۆلێژی پەروەردەی خورماتوو بدرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆئەوەی بتوانن باڵەخانە کۆنەکانی نۆژەن بکەنەوە.
 
کەریم شوکر ئاماژەی بەوە کرد، قەزاکە پێویستیی زۆری بە راکێشانی بۆریی ئاوە لە ناحیەی تازە خورماتووەوە و گوتی، دەرکەوتووە پڕۆژەکە پێویستی بە 50 ملیار دینارە، بۆیە داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە ئەو پرۆژە بخرێتە نێو پلانی وەزارەتی شارەوانییەوە بۆ ئەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ قەزای خورماتوو و دەوروبەری (ناحییەکانی سلێمان بەگ و ئامرلی) و قەزای کفری و ناحیەی جەبارە کە ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی 400 هەزار کەسە دابینبکرێت.
 
پەرلەمانتارە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق گوتی، داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە داوا لە سەرچاوەکانی ئاو بکات لیژنەیەکی هونەری پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵێنەوە لە دروستکردنی بەنداوی ئاوەسپی لە رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو و رایگەیاند، بوونی بەنداو ناوچەکە لە کاریگەییەکانی وشکەساڵی دەپارێزێت.
 
کەریم شوکر، کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داوایکردووە پردی زەرگە چاکبکرێتەوە کە لە سەردەمی داعشدا تەقێندرایەوە و پردێکی گرنگە، قەزای خورماتوو بە تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین دەبەستێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێستا خەڵکی خورماتوو پێویستە بچنە کەرکووک بۆئەوەی سەردانی تکریت بکەن و بەوەش زیاتر لە کاژێرێک رێگەیان لێ دوور دەکەوێتەوە.
 
هاوکات ئەو پەرلەمانتارە داوایشی کردووە، پرۆژەی خزمەتگوزاریی دیکە لە قەزاکە جێبەجێ بکرێن، لەوانەش دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی خورماتوو.