وەزیری پەروەردە: وانەبێژان نەیانهێشتووە شوێنی مامۆستایانی خانەنشین و مۆڵەتدار چۆڵبێت

05-12-2022
سۆران حوسێن
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی ژیانی مامۆستایانی وانەبێژ دەدەن. گوتیشی، ئەمساڵ نزیکەی 6 هەزار مامۆستا مۆڵەتیان کردووە و چەندین مامۆستاش خانەنشین بوون ئەوان بە وانەبێژ شوێنەکانیان پڕکردوونەتەوە و بۆشایی دروستنەبووە.
 
رۆژی دووشەممە 5-12-2022، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشکی دەکات، تێیدا باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەروەردە کرد.
 
وەزیری پەروەردە گوتی، ئەمساڵ سەرۆکوەزیران 20 ملیار دیناری بۆ تەرخانکردوون بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوەندەکانی خوێندن. گوتیشی، زیاتر لە 400 قوتابخانەیان نۆژەنکردوونەتەوە و 94 ژووری نوێشیان لە قوتابخانەکاندا دروستکردووە.
 
ئالان حەمە سەعید باسی لەوەش کرد، پێش هاتنی وەرزی سەرما 8 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشکردووە. گوتیشی، زیاتر لە 17 ملیار دینار بۆ چاپکردنی کتێب خەرجکراوە.
 
لەبارەی ناڕەزایی مامۆستایانی وانەبێژەوە، کە چەند رۆژێکە بەردەوامە، وەزیری پەروەردە گوتی، لە دەستپێکی ئەم کابینەیەوە هەوڵیان بۆ باشترکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ داوە. گوتیشی: "بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بەشە پارەیەک بۆ وانەبێژان ببڕێتەوە و ئیمتیازاتیان پێبدرێت لە بابەتی حەوت رۆژ مۆڵەتی ئاسایی؛ حەوت رۆژ مۆڵەتی نەخۆشی و 21 رۆژی [دیکەش]."
 
ئالان حەمە سەعید گوتیشی، پێشتر مامۆستایانی وانەبێژ بەگوێرەی وانە گوتنەوە پارەیان وەرگرتووە و لەکاتی پشووەکاندا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرجنەکراوە، بەڵام ئێستا لە مانگەکانی پشووشدا نیوەی مووچەکەیان وەردەگرن.
 
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەیەکیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی گشتیی راژە، لەگەڵ نوێنەرانی وانەبێژان کۆبوونەتەوە و بەگوێرەی توانای دارایی حکومەت چەند خاڵێکیان نووسیوە.
 
ئالان حەمە سەعید ئەرکی مامۆستایانی وانەبێژی بە "پیرۆز" پێناسەکرد و گوتی: "جاران مامۆستای وانەبێژ هەبوو مانگانە 40 بۆ 50 هەزار دیناری وەردەگرت، ئێستا 400 هەزار دینار وەردەگرێت؛ ئەوە بەشی ژیانی ناکات، پێویستە باشتری بکەین، بەڵام ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
 
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشنیازیان کردووە بەشێکی وانەبێژان بکرێنە گرێبەست و وەزارەتەکەیان پێویستی بەوەیە.
 
ئالان حەمە سەعید دەڵێت، ساڵانە چەندین مامۆستا خانەنشین دەبن؛ هەروەها ئەمساڵ نزیکەی 6 هەزار مامۆستا لە مۆڵەتی جۆراوجۆردان. گوتیشی: "نەمانهێشتووە بۆشایی دروستبێت و بە سیستمی وانەبێژ پڕمانکردوونەتەوە." 
 
لە هەرێمی کوردستان قوتابخانەی دوو دەوامی، سێ دەوامی و چوار دەوامیش هەن؛ وەزیری پەروەردە گوتی: "ئەگەر بمانەوێت هەموو قوتابخانەکان بکەینە یەک دەوامی، 2 هەزار قوتابخانەی نوێمان پێویستە؛ بۆ دروستکردنیان زیاتر لە 2 هەزار یەک ملیۆن دۆلارییمان پێویستە." 
 
ئالان حەمە سەعید گوتیشی: نزیکەی 150 قوتابخانە بۆ ئاوارە عەرەبەکان تەرخانکراون و ئەوەش کاریگەریی هەبووە بۆ زیاترکردنی دەوامی چەند قوتابخانەیەک. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: ئەرشیڤی هەڵبژاردنی عێراق لە 10-10-2021

رووداو ناوی بەشێک لە بەربژێرە سەربەخۆکانی هەولێر بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 37 کەس کۆدیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و 25 کەسیان بەڵگەنامە و پێداویستییەکانی دیکەیان گەڕاندووەتەوە