پێشمەرگەیەك منداڵەكەی ناو دەنێت ترەمپ

رووداو- دهۆك

بۆ یەكەمجار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كوردێك لە هەرێمی كوردستان وەك دەربڕینی خۆشەویستیی خۆی بۆ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، كوڕەكەی خۆی ناو نا ترەمپ.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، دانیشتوویەكی كۆمەڵگەی چڕە لە سنووری قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك بەناوی حەسەن جەمیل، لەپاش سەركەوتنی كاندیدی كۆمارییەكان، دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، بڕیاری دا منداڵەكەی ناو بنێت ترەمپ.

حەسەن جەمیل كە لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا بۆ یەكەمجار ناوی ترەمپی بیستووە، دەڵێت "دوای سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، من و هاوژینەكەم بڕیارمان دا منداڵی داهاتوومان ئەگەر كوڕ بێت ناوی لێدەنێین ترەمپ، ئەوەبوو 13 رۆژ دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ خوا منداڵێكی كوڕی پێبەخشین و ئێمەش وەك دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆ گەلی ئەمریكا بەگشتی و سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ناوی كوڕەكەمان كردە ترەمپ".

باوكی ترەمپ كە پێشمەرگەی زێرەڤانییە و ئەركەكەی لە میحوەری خازرە، دەڵێت "لەوەتەی ناوی كوڕەكەی خۆمم كردووەتە ترەمپ، لە ناو پێشمەرگەكانیش بووەتە باس و خواس و ئێستا بە باوكی ترەمپی كوردی بانگم دەكەن، من و پێشمەرگەكانی میحوەرەكەیش زۆر گەشبینین بەوەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ هاوكاریی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە دەكات".

ترەمپ لە 23ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لەدایك بووە، باوكی دەڵێت "لەو باوەڕەدا نەبووین ناونانی منداڵەكەمان بەو جۆرە دەنگدانەوەی هەبێت، رۆژانە چەندین كەس تەنانەت كەسی بەتەمەنیش سەردانی ماڵەكەم دەكەن، تاوەكو وێنە لەگەڵ ترەمپی كوڕم بگرن".

حەسەن باسی رۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد و گوتی "ئەو رۆژەی كە هەڵبژاردن لە ئەمریكا دەستی پێكرد، بە كاتی هەرێمی كوردستان شەو بوو، من لە پەرۆشیم بۆ سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ، چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانم دەكرد، كاژێر چوار و سی خولەكی بەیانی لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ یەكلایی بووەوە، بەڕاستی یەكجار زۆر خۆشحاڵ بووم".

حەسەن جەمیل، لە دایكبووی ساڵی 1992، باوكی دوو كوڕ و كچێكە، كوڕێكیان ناوی رەشیدە و ئەوی دیكەیانی ناو ناوە ترەمپ، كچەكەشی ناوی مەلەكە.