بەریتانیا ژمارەیەک ئەفسەر دەنێرێتە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگری لە قاچاخچیی کۆچبەران
رووداو دیجیتاڵ
بۆ ئەوەی رێگری لە قاچاخچییەکان بکات کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆچبەرانەوە کۆچبەران بگەیێننە بەریتانیا، ژمارەیەک ئەفسەری ئینتەرپووڵ دەنێردرێنە عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند بۆ رێگریکردن لە قاچاخچییەکان بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە، ژمارەیەک ئەفسەری نێودەوڵەتی (ئینتەرپووڵ) دەنێرێتە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها سەکۆکانی سۆشیاڵمیدیاش بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان لە سەختیی ژیان لە وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت.
رۆژی دووشەممە، 4-11-2024 کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ئینتەرپووڵ لە شاری گلاسگۆی سکۆتلاند رایگەیاند، "ئێمە، رێبازی خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان دەگرینەبەر، کە دەزانین سوودی دەبێت و لەگەڵ فەرماندەیی نوێی ئاسایشی سنوورەکانمان بەسەر مافیاکاندا جیێەجێی دەکەین."
ستارمەر پێش دەستپێکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند دەبینین چۆن ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانی بەقاچاخبردنی خەڵک ''لە بازاڕەکانی پارە لە کابوولەوە دەستپێدەکات بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق" بەرەو ئەوروپا و بۆ نێو بەریتانیا.''
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ "هیچی کەمتر نییە لە تیرۆر."
بەریتانیا شانبەشانی ناردنی ئەفسەرانی ئینتەرپووڵ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەکۆکانی سۆشیالمیدیاش بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان لە ''سەختیی ژیان لە بەریتانیا'' ئاگادار دەکاتەوە.
بەریتانیا لە سۆشیاڵمیدیا باس لەوە دەکات کۆچبەرە نایاساییەکان ناتوانن کاربکەن، دەستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بگات، هەروەها هەلی کارە سەختەکانیش کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، قەدەخە دەکات.
بەریتانیا بودجەی پاسەوانی ئاسایشی سنوورەکان لە 75 ملیۆن پاوەندەوە بۆ 150 ملیۆن زیاد دەکات. بەشێک لە بودجە زیادکراوەکە بۆ ئەو ئەفسەرانە تەرخان دەکرێت، کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن.
بەریتانیا 300 کەسی لە پاسەوانی ئاسایشی سنوور و 100 لێکۆڵەری شارەزای لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ وەستاندنی گواستنەوەی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک بە رێگەری نۆکەندی ئینگلیز، تەرخان کردووە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەم ساڵ 31 هەزار و 94 کۆچبەری نایاسایی بە رێگەی نۆکەندی ئینگلیز چوونەتە بەریتانیا، لە کاتێکدا پار 26 هەزار کەس بوون، واتە ژمارەکە بەڕێژەی 16٪ زیادی کردووە.