لایەنەکان چاوەڕێی ئەنجامی تانەکان و لیژنەکانی دانوستاندنی پارتی و یەکێتین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو لیژنەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان پێکیهێناوە، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لیژنەیەکی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە، لەکاتێکدا بەشێکی حیزبەکان (ئەوانەی پێیان وایە لە هەڵبژاردندا ساختەکاری کراوە) مکوڕن لەسەر نەچوونە پەرلەمان، یاخود بەشدارینەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، کۆمەڵەی دادگەری و رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، تانەیان لە ئەنجامەکە داوە و پێیان وایە ساختەکاری کراوە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 5ـی تشرینی دووەم) سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، سەردانی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد، "هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر پارتی نەرم بوو، بەڵام بڕیاری کۆتاییان بە لیژنەکە نەگوتووە."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "سەردانی پارتی بۆ لایەنەکانی دیکەش بەردەوام بێت و پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، رۆژی دووشەممە، 04-11-2024، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە".
 
حیزب و لایەنە سیاسییەکان، لەبارەی کۆبوونەوە و دانوستاندنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت، رای جیاوازیان هەیە و زۆربەیان چاوەڕێی ئەنجامی تانەکانیان دەکەن لەسەر هەڵبژاردن.
 
کۆمەڵی دادگەری: مکوڕین لەسەر نەچوونە پەرلەمان
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەسەر قسەی خۆمانین، بەشداری پەرلەمان ناکەین، تانەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردن داوە و چاوەرێی ئەنجامی تانەکانین."
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شاندەکەی پارتی لەبارەی بڕیارەکەیانەوە پرسیاریان لە کۆمەڵی دادگەری کردووە و ئەوانیش گوتوویانە، رژدن لەسەر ئەوەی نەچنە پەرلەمانەوە.
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی بەدەستهێناوە.
 
بەرەی گەل: کەی لە دەرگایان دا، ئەو کات دوو قسە دەکەین
 
شادومان مەلا حەسەن، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئاگاداری لیژنەکانی پارتی و یەکێتی نین، تانەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردن داوە، تاوەکو ئەنجامەکان یەکلایی نەبنەوە، ئێمە هیچ ناڵێین."
 
بە پێی ئەنجامی فەرمیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەرەی گەل لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان 2 کورسی بەدەستهێناوە.
سەرۆکی لیستەکە گوتیشی "کەی لە دەرگایان دا، ئەو کات دوو قسە دەکەین."
 
یەکگرتووی ئیسلامی: یەکلابووینەتەوە
 
یەکگرتووی ئیسلامیی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، توانی 7 کورسی بەدەستبهێنێت. بەڵام هەر زوو خۆی یەکلاکردەوە، کە دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن و بەشداری لە حکومەتدا ناکات.
 
خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی کارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و گوتەبێژی ئەو حیزبە بە رووداوی گوت، " ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، بەشداری لە حکومەت ناکەین و لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوامین، درێژەپێدەری ئۆپۆزیسیۆن دەبین."
 
نەوەی نوێ جارێ بڕیار نادات
 
نەوەی نوێ کە 15 کورسیی پەرلەمانی بردووەتەوە، ئەویش تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە داوە و، دەڵێ "رازی نیم."
 
سەرچاوەیەکی باڵا لەو حیزبە بە رووداوی گوت "دوای یەکلاییبوونەوەی ئەنجامی تانەکان، بڕیار دەدەین چی بکەین."
 
دوێنی (دووشەممە 4-11-2024) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەی تایبەتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دیاریکرد، کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتیی دەکات. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتوون لە: دەرباز کۆسرەت رەسوول، نزار ئامێدی، رێواس فایەق و رزگار حاجی حەمە.
 
20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. 30ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.
 
41 تانە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراون، زۆرینەیان لە سنوورى بازنەى سلێمانى بوون کە 25 تانە بووە، لە هەولێر 12 تانە، لە دهۆک سێ تانە و لە هەڵەبجە تەنیا یەک تانە پێشکێش کراوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کامێرایەکی چاودێری

قایمقامیەتی سلێمانی: کامێرای چاودێری لە پاسەکانی هاتووچۆی خوێندکاران دادەنرێت

نوێنەری هاتووچۆ لە لیژنەکانی قایمقایەتی سلێمانی دەڵێت، "ئامانجی دانانی ئەم کامێرایانە بۆ دیاربوونی کاتی هاتووچۆی قوتابیان و خوێندکارانە، تاوەکو بزانرێت هاتن و چوونیان چەند کات دەخایێنێت، لە کوێ دەردەچن و بۆ کوێ."