کچە کوردێکی دیکەی ئێزدی رزگار کرا؛ تائێستا 3583 ئێزدیی رفێندراو رزگار کراون
رووداو دیجیتاڵ
کچە کوردێکی دیکەی ئێزدیی رفێندراو گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای رزگارکردنی. بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێداگرە لەسەر ئەوەی تاوەکو یەک رفێندراو مابێت، لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 05-11-2024 لە رێوڕەسمێکدا لە شاری زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک، لەلایەن بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش و ماڵباتەکەیەوە پێشوازی لە ئاسیا کەمال، کچە کوردی ئێزدی کرا.
ئەو کچە لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014 تەمەنی 16 ساڵ بوو.
ئاسیا ئێستا تەمەنی 26 ساڵە و هێندە خۆشحاڵ بوو کە رزگار کراوە و گەڕاوەتەوە نێو کەسوکاری، بە ئەستەم دەیتوانی هەستی خۆی دەرببڕێت.
ئاسیا کەمال بە چەند رستەیەک خۆشحاڵیی خۆی بۆ راگەیاندنەکان دەربڕی و گوتی، "لە 10 ساڵی رابردوودا زۆر ماندوو بووم؛ زۆر لەگەڵم خراپ بوون."
ئاسیا گوتیشی، "ئێستا دڵخۆشم دوای 10 ساڵ رزگارم بووە. نازانم چی بڵێم. سوپاستان دەکەم؛ سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەم کە رزگاریان کردم."
کەمال چەتۆ، باوکی ئەو کچە رفێندراوە گوتی، "هیوادارم هەموو کچانی دیکەی دەستی داعش رزگار بکرێن."
دوای هێرشی داعش بۆسەر شنگال، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش پێکهێنا. ئێستا نووسینگەکە سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و هەزاران کوردی ئێزدیی رزگار کردووە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هەروەک بەڵێنمان دابوو، بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ سۆراخی رفێندراوان. رێنمایی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییش هەر ئەوەیە، تاوەکو رفێندراوێک مابێت، بەدوای بابەتەکەدا بچین."
لەبارەی رزگارکردنی ئاسیا کەمال، حوسێن قائیدی رایگەیاند، "سێ مانگ لەمەوبەر زانیاریمان پێگەیشت کە ئەو کچە لە شوێنێکی دیاریکراوە لە وڵاتێک. لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان بۆ رزگارکردنی ئاسیا هەوڵەکانمان خستنەگەڕ و ئەمڕۆ توانیمان بیگەڕێنینەوە نێو کەسوکارەکەی لە هەرێمی کوردستان."
حوسێن قائیدی گوتیشی، "30 کەس لە ماڵباتی ئاسیا رفێندرابوون و تاوەکو ئێستا 28 کەسیان رزگار کراون."
بەرپرسی نووسینگەکە رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 3583 کەس رزگار کراون. 2590 کەس ماون رزگار بکرێن. بەڵێن دەدەین تاوەکو یەک کەس مابێت، بەدوای بابەتەکەوە دەبین."