ئاوەدانکردنەوەی دهۆک: 160 ملیار دینار بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی رێگەی گوندەکان خەرجکراوە

05-11-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 160 ملیار دینار بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی رێگەی گوندەکان خەرجکراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024 رێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، "لە سێکتەری رێگەوباندا چەند پرۆژەیەکمان هەن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی دهۆکەوە لە قۆناخی جێبەجێکردندان، لەوانەش 9 پڕۆژە لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک بە گوژمەی 186 ملیار و 960 ملیۆن دینار، 7 پرۆژە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و بە گوژمەی 190 ملیار دینار، رێگەی جووتسایدی دهۆک (ئیتیت) - باعەدرێ، بەگوژمەی زیاتر لە 135 ملیار دینار، رێگەی بەردەڕەش - کەڵەک بە درێژیی 30 کیلۆمەتر دەکرێتە جووتساید کە نزیکەی 98 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە."
 
سەبارەت بە پڕۆژە تەواوکراوەکانی رێگاوبان، رێدیر سلێمان گوتی، "لە ئەم ساڵدا کۆمەڵێک پرۆژە تەواو کراون، لەوانەش رێگەی ئیبراهیم خەلیل - دێرەڤین، رێگەی گوندەکان کاری باشیان تێدا کراوە و بەشێکیان تەواو کراون، جگە لەوەی بە بەهای 19 ملیار دینار پرۆژەی چاککردنەوەی رێگەوبانەکان لەلایەن چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی دهۆکەوە جێبەجێ دەکرێت، هەروەها بە بەهای 600 ملیۆن دینار کاری چاککردنەوەی رێگەوبانەکان لەلایەن چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت."
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک، "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 160 ملیار دینار بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی ریگەی گوندەکان خەرجکراوە. زیاتر لە 40 ملیار دیناریش بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی رێگەوبانی گوندەکان تەرخانکراوە کە لە قۆناخی تەندەرکردندان."
 
سەبارەت بە کەرتی ئاوەدانکردنەوە، رێدیر سلێمان دەڵێت، "ئێستا شەش پرۆژەمان بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندان."
 
بەگوێرەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک، پڕۆژەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە بەم شێوەیەن:
 
- یاریگەیەکی وەرزشی لە قەزای سێمێل، نزیکەی 20٪ تەواوکراوە.
- دروستکردنی هۆڵێکی رۆشنبیری لە قەزای بەردەڕەش، زیاتر لە 20٪ تەواوکراوە.
- دروستکردنی بینای کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە قەزای ئامێدی.
- دروستکردنی یاریگەیەکی تۆپی پێ لە ناحیەی شیلادزێ.
- دروستکردنی باڵەخانەی دادگەی ئامێدی.
- زیادکردن و دروستکردنی نهۆمێکی دیکە بۆ چاکسازی ژنان لە پارێزگای دهۆک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە