رووداو - هەولێر
تۆڕی میدیایی رووداو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی کوردستان - هەولێر واژۆکرد، بەمەبەستی پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی ئەکادیمی و میدیایی نێوانیان.
یاداشتەکە بریتییە لە 13 خاڵ و لەلایەن کەیت شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر و ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو واژۆکرا و ئاماژە بەوە دەکات، زانکۆی کوردستان لە رێگەی خوێندکار و ستافەکەیەوە کە شارەزاییان لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە، "چالاکانە" لە رووماڵی هەواڵ و پڕۆگرامەکانی رووداودا بەشدار دەبن. تۆڕی میدیایی رووداویش لە رێگەی شاشە، رادیۆ، پۆرتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانییەوە پڕۆژە و لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکانی زانکۆیەکە دەگەیێنێتە کوردستان و جیهان.
رووداو هەروەها یارمەتیی زانکۆی کوردستان دەدات لە دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە میدیاییەکانی زانکۆکە لەسەر ئاستی نێوخۆ و ناوچەکە و جیهان ، بەسوود وەرگرتن لە هاوبەشییەکانی رووداو لەگەڵ ناوەندە میدیاییەکانی جیهان.
زانکۆکە بە ئەزموون و توانا زانستییەکانی هاوکاری رووداو دەکات بۆ فراوانکردنی شارەزایی ستافی رووداو لە بابەتە سەردەمییەکانی وەک ژیریی دەستکرد و ئاساییشی سایبەری.
هەر لە چوارچێوەی ئەو پێکەوەکارکردنەدا، زانکۆی کوردستان لە هەولێر دەرگای هۆڵ و باڵەخانەکانی لەبەردەم بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداودا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.
هەردوو لایەنی یاداشتنامەکە رێککەوتوون کە زانکۆی کوردستان "بەشدارییەکی بەرفراوانتری" لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێردا هەبێت. کۆڕبەندەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکدەخرێت. کۆڕبەندەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ساڵانەیە و ژمارەیەکی زۆرکەسایەتی و زانستکاری کوردستان، عێراق، وڵاتانی ناوچەکە و جیهان تێیدا بەشدار دەبن.
تۆڕی میدیایی رووداو و زانکۆی کوردستان پێکەوە گفتوگۆ و مێزگرد لەسەر شێوازی چاتم هاوس رێکدەخەن؛ هەروەها رووداو کە بووەتە ئەندامی چاتەم هاوس لە بەریتانیا، ئاسانکاری بۆ ئەندامبوونی زانکۆیەکەش دەکات.
پەیوەست بە بەرژەوندیی گشتی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی زانستی، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن کە زانکۆی کوردستان بتوانێت بەشداری لە پۆدکاست و بەرنامەکانی رووداودا هەبێت.
وەک دوو دامەزراوەی پێشەنگ، یەکێک لە بواری میدیایی و ئەوی دیکەیان لە بواری زانستی دا، تۆڕی میدیایی رووداو و زانکۆی کوردستان پێکەوە هەوڵی رێکخستنی کۆڕبەند و مێزگرد دەدەن بۆ ئەوەی لەسەر بابەتە هەرە گەرمەکانی کوردستان و ناوچەکە گوێ لە رای گشتی بگرن و لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیاندا لەسەری بووەستن.
تۆڕی میدیایی رووداو، دامەزراوەیەكی میدیایی سەربەخۆیە؛ بەرهەمەكانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو بڵاودەكاتەوە و گەیاندنی زانیاری و راستییەكان بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە بە ئامانجی سەرەكیی خۆی دادەنێت.
كۆمپانیای رووداو لە نیسانی 2008 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە لە بواری كاری میدیاییدا. ماڵپەڕی رووداو لە نیسانی 2008 دەستی بە كاركردن كرد. هەفتەنامەی رووداویش یەكەمین رۆژنامەی كۆمپانیای رووداو بوو و ژمارەی یەكەمی لە 5ی نیسانی 2008 بڵاوكرایەوە. كاری كۆمپانیای رووداو لە ساڵی 2012 فراوانكرا و دەستكرا بە ئامادەكاری بۆ دروستكردنی تۆڕی میدیایی رووداو. پەخشی رادیۆ، تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵی رووداو لە كاژێر 5ی ئێوارەی چوارشەممە 29ی ئایاری 2013 دەستیپێكرد.
زانکۆی کوردستان- هەولێر لە ساڵی 2006 لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرا و سکووڵی دەرمان، بەڕێوەبردن و ئابووری، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانست و ئەندازیاری هەیە و تاوەکو ئێستا 1652 کەس بڕوانامەیان تێدا وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ