سەرۆکی یانەی ئیتیحادی سعودی بۆ رووداو: ئیرەیی دەبەم ئەو شارە جوانەتان [هەولێر] هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یانەی ئیتیحادی سعودی باسی پێشوازیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەکەی دەکات و دەڵێت، "سوپاسی دەکەین بۆ ئەم میواندارییە جوانە". دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پەیامنێری رووداوی دایەوە و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، "ئیرەییتان پێدەبەین ئەم شارە جوانەتان[هەولێر] هەیە."
 
ئەنمار حائیلی، سەرۆکی یانەی ئیتیحادی سعودی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی، "ئەمڕۆ دیدارێکمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەبوو، سوپاسی دەکەین بۆ ئەم میواندارییە جوانە لەلایەن برایانمانەوە. پشت بەخوا یانەکەمان ئامادەیە و یارییەکی نایاب لەگەڵ برایانمان لە یانەی جەوییەی عێراق دەکەین، داوا دەکەین سبەی لە یارییەکە ئامادەبن."
 
ئەنمار حائیلی گوتی، " کە هاتین بۆ ئێرە، لە یەکەم ساتەوە حەپەساین، ئێمە ئیرەییتان پێدەبەین بۆ ئەم شارە جوانەی کە هەتانە لەگەڵ کەشە جوانەکەی دا، هەمووان بەخێرهاتنیان کردین و گەلەکەی دۆستمانن و پشت بەخوا سبەی لە یاریگەدا دەیبینین، بزانین ژمارەی ئامادەبوونی هاندەران چەند دەبێت؟"
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک، راهێنەر و یاریزانانی یانەی وەرزشی ئیتیحادی سعودی کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا کە محەممەد بن سلێمان عەسێری، کۆنسوڵی گشتیی عەرەبستانی سعودی لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت "وێڕای بەخێرهێنانی شاندی یانەی ئیتیحاد ئاماژەی بە پەیامی گرنگی وەرزش کرد کە جیا لە بەخشینی چێژ و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و سوودی تەندروستی، لە هەمان کاتدا دەکرێت وەرزش رۆڵێکی گرنگیش لەیەک نزیکكردنەوە و برەودان بە تەبایی و ئاشتەوایی نێوان گەلان بگێڕێت."

 

 
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بۆ یانەکە گوتی، "خەڵکی لە سەرتاسەری جیهان تەماشاتان دەکەن. گرنگ نییە چ نەتەوەیەک، وڵاتێک، چ پاشخانێک، چ ئایینێکیان هەیە. ئەوان وەرزشیان خۆشدەوێت. وەرزش شتێکە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خەڵک هەبێت. بۆ زۆرێک لە ئێوە، ئەگەر هەمووشتان نەبێت، دەکرێت ئەمە جاری یەکەمتان بێ سەردانی کوردستان بکەن، بەڵام هیوادارم دوایین جار نەبێت. هەولێر دێرینترین شاری نیشتەجێبووی جیهانە. زۆر بەخێربێن. هیوای مانەوەیەکی خۆشتان لە هەولێر بۆ دەخوازم."
 
رۆژی دووشەممە، کاژێر 15:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، هەردوو یانەی قوە جەوییەی عێراقی و ئیتیحادی سعودی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.