ئەم ساڵ قیستی کرێی خوێندن لە سیستەمی پارالێڵ وەرناگیرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات کرێی خوێندنی قوتابییانی پارالێڵ دوابخرێت و نەکرێت بە مەرجی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ئەو بڕیارەشی بۆ  رەچاوکردنی خراپیی دۆخی دارایی و قوتابیان گەراندووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرجەم قیستەکانی خوێندن دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
 
بەپێی نووسراوێک کە رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023،  لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە،" بە رەچاوکردنی خراپی دۆخی دارایی و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسانکاری زیاتر[بۆ قوتابییان]، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێتان رادەگەیێنین پێویستە وەرگرتنی قیستی یەکەمی کرێی خوێندنی قوتابییانی پارالێڵ دوابخرێت و نەکرێتە مەرجی وەرگرتن و دەستپێکردنی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان."
 
پێشتر خوێندن لە سیستەمی پارالێڵ کە خوێندنە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوازی پارەدان، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە لە دوو قیستەوە کرایە چوار قیست، دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە گشتاندنێک زانکۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بڕیارەوە ئاگادار دەکاتەوە کە قیستەکانی کرێی خوێندن لە دوای کۆتایی ئەم ساڵ، واتە لە ساڵی داهاتوو وەردەگیرێن.