بایکۆتی دەوامی قوتابخانەکان لە سنووری سلێمانی بەردەوامە؛ 'بە مووچەیەک بایکۆت ناشکێنین'

رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایانی سنووری سلێمانی لە بایکۆتکردنی دەوام بەردەوامن و تەنانەت خۆیان لە ماڵەوە وانە بە منداڵەکانیان دەڵێنەوە چونکە دەرگەی قوتابخانەکان داخراون. مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەردەم دادگەوە گوتیان، یەک مووچە نابێتە هۆکاری شکاندنی بایکۆت. 
 
رێبوار مستەفا، مامۆستایە و لەماڵەوە لەکاتی وانە خوێندن بە منداڵەکانی بە رووداوی گوت، "بەڕاستی دابڕانی خوێندن بۆ ئەو کەسانەی کە منداڵن و هێشتا مێشکیان بەرەو گەشە و گەورەبوون دەچێت، زەحمەتە کە تووشی دابڕان بوون بتوانن دەست پێبکەنەوە، بۆیە من لە ماڵەوە وانە بە منداڵەکانم دەڵێم."
 
نزیکەی زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دوو مانگە داخراون مامۆستایان و فەرمانبەرانیش سێ خۆپێشاندانی بەرفراوانیان کردووە و جەخت لە بەردەوامی بایکۆت دەکەنەوە و، لە بەردەم دادگە گوتیان، "مووچەی مانگی هەشتیش نابێتە هۆکاری شکاندنی بایکۆت."
 
دڵشاد مستەفا، بەڕێوبەری قوتابخانەیەکی بنەڕەتییە دەڵێت، "لە ئێستادا یەک دانە مووچە، تەنیا بۆ ئەوەیە کە مامۆستایان سارد بکەنەوە لە بایکۆت."
 
خالید محەممەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە گوتی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان کات دوادەخات و یاری بە کات دەکات، ئەگینا چوار ساڵە وەزیری پەروەردە دەڵێت، وانەبێژان دادەمەزرێنین، تائێستا هیچیان بۆ نەکراوە." 
 
عادل حەسەن مامۆستایە و نیگەرانی خۆی لە دواکەوتنی مووچە پێشاندا و باسی لەوەکرد، "ئەو مووچەیەی ئێستا وەریدەگرین هی مانگی هەشتە و هی چلەی هاوینە کەچی لە ناوەڕاستی پاییزدا وەریدەگرین، بەپێی ئەو مووچەیە جارێ مانگێک و 13 رۆژی ماوە بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان بەپێی رۆژمێری مووچە."
 
هاوشێوەی هەفتەکانی پێشوو لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین و کۆیە و ژمارەیەک لە قەزا و ناحییەکانیان خۆپێشاندانی بەردەوامی بایکۆت بەڕێوەچوو.
 
کەیوان فەرەیدوون، خانمە مامۆستایەکی کەلارە، دەڵێت، "دەبێت کەسێک هەبێت کە گوێت لێبگرێت، تەنانەت لە خێزانێکیشدا دەبێت کەسێک هەبێت گوێ بگرێت کێشەکەی ئێمە ئەوەیە کە کەس نییە گوێمان لێبگرێت."
 
باخان عوسمان، مامۆستایەکی دیکەیە لە هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەکرد، "هەشت ساڵە وانەبێژم ئایا تاوەکو کەی وانەبێژ بم، کەی دەبینە گرێبەست و کەی دادەمەزرێین مەعقوولە دوای هەشت ساڵ نەزانین چارەنووسمان چی دەبێت."
 
هەرچەندە رۆژی دووشەممە مووچەی مانگی هەشت دابەش دەکرێت، بەڵام هێشتا بەرپرسانی پەروەردە نەیانتوانیوە گرەنتی دەسپێکردنەوەی دەوام لە سنووری بایکۆت بکرێت.