عیماد ئەحمەد بۆ رووداو: سێشەممە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لە پیرمام دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 05-11-2023، عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە، 07-11-2023 هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای پیرمام کۆدەبنەوە.
 
عیماد ئەحمەد گوتی "هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی، هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن."
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 27-09-2023 یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە.
 
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەدا، پارتی و یەکێتی باسی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بودجەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ بکەن.
 
رۆژی هەینی، نێچیرڤان بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی ئێلیزێی فەرەنسا، نزیکەی کاژێر 18:30 بەکاتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆدەبینەوە."
 
رۆژی 28-10-2023 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا پارتی سەرقاڵی کۆبوونەوەکانیەتی و ئێمەش چاوەڕوانی وەڵامین، بەشی پەیوەندییەکانی یەکێتی راسپێردرابوو کە قسەیان لەگەڵ بکات و ئێستا چاوەڕوانی دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەکەین."
 
رۆژی 19-10-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و ئەرکەکانی دابەشکرد و لیژنەیەکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە پێکهێنا، کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات.