یاریزانانی یانەی سەورەی کەرکووک لەنێو چەمی خاسەدا راهێنان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەو وەرزشکارە دێرینانەی ساڵانێک جیلی زێڕینی یانەی سەورەبوون، ئێستا لەنێو چەمی خاسەی کەرکووک راهێنان دەکەن، پێشتر ئەمانیش لەگەڵ تیپە جیاوازەکانی یانەکەدا لەسەر چیمەن و تارتانی یاریگەکانی سەورە راهێنانی رۆژانەیان دەکرد.
کاپتن عەبدوڵڵا و هاوڕێکانی دوای رووخانی بارەگە و یاریگەکانی سەورە لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە ئێستا بێ شوێن و جێگان، لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەمە خۆی خاسەیە و ئاوە، ئاوی ئاوەڕۆ و ئەو شتانەی پێدا دەڕوات بەڵام ئێستا پڕۆژەی لێدەکرێت، ئێمە هاتووین لێرە راهێنان دەکەین، گونجاو نییە بۆ وەرزشکردن، رەنگە خاوەنی پڕۆژەکە بێت و بڵێ لێرەش بڕۆن، لەگەڵ یەکەم باران ناتوانین لێرەش راهێنان بکەین."
وەکو خۆیان دەڵێن، چاوەڕێی یەکەم بارانبارینن، تاوەکو چەمەکەشییان لێتێک بچێت و شوێنێکیان نەمێنێت بۆ وەرزش کردن، چونکە چەمەکە دەبێتە رێڕەوی ئاو و ئەوانیش ناتوانن راهێنان لە قوڕ و لیتەدا بکەن.
سائر شجاع، یەکێکە لە وەرزشکاری دێرینەکان و باسی تێکدانی یاریگەکەیانی کرد و گوتی، "لەگەڵ هاتنی وەبەرهێنەرەکەدا هەر شەو و رۆژی یەکەم یاریگەکە تێکدرا، ئێمە دابەش بووین، هەندێکمان لەخاسەین، هەندێکی دیکە لە ئالیاتین، شوێنی دیاریکراومان نییە، ئەم شوێنەی خاسە بەس ئاژەڵی لێیە."
دۆخی بارەگە و یاریگەکانی یانەی سەورە بەو شێوەیەی لێهاتووە، زۆربەی تیپەکانیان بەهۆی ئەم دۆخەوە لەیەک هەڵوەشاونەتەوە، کەم کەم یاریزانەکانیان دێن و راهێنان دەکەن، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی چاوەڕوانن ئەو وەبەرهێنەرەی زەوی یانەکەیان وەرگرتووە، چەند یاریگەیەکیان بۆ دروست بکاتەوە، بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانیان هەیە.
فازڵ ئەسوەد، سەرۆکی یانەی سەورە، لەوبارەوە دەڵێت، "تیپەکانی یانەکە ئاستیان دابەزیووە بەهۆی نەبوونی شوێنی وەرزش، داواکاریمان لەوەزارەت و لایەنی پەیوەندیدارە گوشار بکەن بەشێوەی یاسایی و نەریتی پەلە بکرێت لەتەواوکردنی پڕۆژەکە."
شەوقی فەرەج، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی سەورە، باس لەوە دەکات کە "تازە یاریگەکە کەوتووە و ناگەڕێتەوە، بەڵێنیان داوە تازەی بکەنەوە، کەی دەکرێت نازانین، دەخوازین بەزووترین کات یاریگەکە دروست بکرێت و گەنجەکان بێنەوە راهێنان بکەن لەبری ئەوەی بچنە گازینۆ و کافتریا و چایخانەکان، تەواوکردنی یاریگەکە داواکاری ئیدارەی یانەی سەورەیە."
یانەی سەورە، کۆنترین یانەی وەرزشی کەرکووکە لە ساڵی 1955 دامەزراوە، پێشتر جگە لەوەی خاوەن چەندین یاریگای جیاواز و کۆمەڵگەی وەرزشی بوون، هاوکات لەرێگای دووکان و کۆگای دامێنی کارگێڕییەکەیان بەکرێیاندابوو، مانگانە بڕە پارەیەکی باشیان بۆ هاوکاری و خەرجی بەدەست دەهێنا، بە بڕیاری وەزارەتی وەرزش و لاوان تەواوی یاریگە و کۆمەڵگەکەیان تێکدرا و زەوییەکەی لەلایەن وەبەرهێنەرەوە پڕۆژەی بازرگانی لەسەر دروست دەکرێت.