رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان: لە دۆخی ئێستای بزووتنەوەکە رازی نین

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لە دۆخی ئێستای بزووتنەوەکە رازی نین و ئەو پەرتەوازەییەی ئێستا هەیە خزمەت بە بزووتنەوەکە ناکات. دەشڵێت، گەڕی سێیەمی پرۆسەی ئاشتەوایی بەردەوامە.
 
زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانی بزووتنەوەکە و ئێستا ''لیژنەی ئاشتەوایی'' بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ئاشتکردنەوە و دانوستاندن، لەگەڵ ئەندامە ناڕازییەکان کۆبوونەوە دەخات و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات. 
 
چۆمان محەممەد، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لە بووڵتەنی کاژێر 12ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، "هەشت مانگە پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ سەرکردەکانی گۆڕان بەردەوامە و ئێستا گەڕی سێیەمی ئاشتەواییەکەیە، ئەو پەرتەوازەییەی ئێستا هەیە خزمەت بە بزووتنەوەکە ناکات و گۆڕان دەبێت ئەم دۆخە تێپەڕێنێت."
 
لەبارەی 'شکستەکانی بزووتنەوەکە' رێکخەری ژووری یاسایی گۆڕان گوتی، "تاوەکو پەرتەوازەبین، ناتوانین ئامانجەکانمان بەدەست بێنین، لە دوای ئەو شکستەی تووشی گۆڕان بوو، پێویستمان بەوەیە تەکانێک بە حیزبەکە بدەین، لەگەڵ دەیان سەرکردەی دیار و خەمخۆری بزووتنەوەی گۆڕان دانیشتووین و گفتوگۆمان لەگەڵدا کردوون، بەشێکی ئەو سەرکردانەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە گفتوگۆکانیان رەتکردووەتەوە و بەشێکیشیان لە دانوستاندنەکاندا بوون و بەردەوامن."
 
چۆمان محەممەد، دەڵێت، "پرۆسەی ئاشتەوایی نەوەستاوە و بەردەوامە، ئەو سەرکردانە بەشێکن لە بزووتنەوەکە و بابەتێک نییە دابخرێت."
 
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو ماوە زۆرە نەتوانراوە ئەو سەرکردانە بگەڕێنرێنەوە، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەکرد، "ئەو کەسانەی لە دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕانن ئێستا دید و تێڕوانیان جیاوازە و ئەو جیاوازییانەش وادەکات پێویستی بە کات بێت، ئەوان تێڕوانینیان لەبارەی گۆڕانەوە جیاوازە، لەبارەی ئەو بڕیارانەی گۆڕان داویەتی یان دەبێت بیدات، ئەمانەش ئاسان نین کە گۆڕان ببێتە سەکۆیەک بۆ هەموو بۆچوونە جیاوازەکان، ئامادەییمان دەربڕیوە بەرزترین دەسەڵاتەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بدەین بەو سەرکردانە."
 
چۆمان محەممەد، جەختیکردەوە، "دەرئەنجامەکانی گەڕی سێیەمی پرۆسەی ئاشتەوایی دەخرێتەوە بەردەم جڤاتی نیشتمانی و ئەویش بڕیاری لەبارەوە دەدات، ئاخۆ بەردەوام بێت یان چ رێگەیەکی دیکە بگیرێتە بەر؟ دانوستاندنەکان شکستیان نەهێناوە، بەڵام دەرئەنجامەکان بەدڵی هەموومان نییە."
 
رۆژی شەممە، 04-11-2023، ‎لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پرۆسەی ئاشتەوایی و هەنگاوەکانی خۆ رێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری رێکخراوەیی، بڕیاری جڤاتی نیشتمانی لە پێویستییە لە پێشینەییەکانی ئەم قۆناخەی کاری رێکخراوەییمانە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە هەشت مانگی رابردوو لەگەڵ دەیان کاراکتەر و کەسایەتی دیاری گۆڕان کۆبوونەتەوە، دیدار و دانیشتنمان هەبووە و خاڵە هاوبەشەکانمان لە خاڵە جیاوازەکان زیاتر بووە."
 
زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانی بزووتنەوەکە و ئێستاش ''لیژنەی ئاشتەوایی'' بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ئاشتکردنەوە و دانوستاندن، لەگەڵ ئەندامە ناڕازییەکان کۆبوونەوە رێکدەخات و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات.