لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کەرکووک چوار کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر شەقامی بازنەیی کەرکووک، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە لەنێوان پیکابێک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا بووە، بەهۆیەوە چوار کەس لەنێو پیکابەکە و لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک گوتی، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە سێ ژن و شۆفێری پیکابەکەن. دەشڵێت، بریندارەکان منداڵێک و کوڕێکی گەنجن.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، لە یوتێرنی بەردەم وێستگەی "جەبەل بۆر"، پیکابەکە سووڕاوەتەوە و لەناکاو بارهەڵگرێک بەخێراییەکی زۆرەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و ئەو رووداوە سەختەی لێکەوتووەتەوە.