دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەستیپێکرد

05-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەستپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی کەموکوڕی لە سیستمی ئەلیکترۆنیی دەنگداندا، دوێنێ هەینی پرۆسەکە دواخرا.
 
ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، پرۆسەکە بەشێوەی دەستی دەبێت و ئەندامانی کۆنگرە چوونەتە هۆڵی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
 
دەنگدانی دەستی بەمشێوەیە دەبێت: ناوی بەربژێرەکان لەسەر کارتێک دەنووسرێت، هەر ئەندامێکی کۆنگرە کارتێک وەردەگرێت و ئەو ناوەی بیەوێت دەنگی پێدەدات و دەیخاتە سندووقی دەنگدانەوە؛ دوای ئەوەی هەموو ئەندامانی کۆنگرە دەنگیاندا، سندووقەکان دادەخرێن و دواتر بە بەرچاوی هەمووانەوە دەکرێنەوە؛ ناوەکان دەخوێندرێنەوە و دەنگەکان دەژمێردرێن.
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو کە سێ رۆژە رووماڵی کۆنگرەکە دەکات گوتی، هەزار و 23 کەس دەنگ بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەدەن و جیاکردنەوەی دەنگەکان کاتی زۆری پێدەچێت و، پێشنیاز کراوە لە شەش شوێنی جیاواز دەنگەکان جیابکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ سێیەم رۆژی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
 
گۆڕانکارییەکانی نێو کۆنگرەی پارتی
 
بۆ یەکەمجار دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دانران؛ نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەم هەڵبژێردراون. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی ئەمجارەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کردووە بە کۆمیتەی ناوەندی. 
 
لەم کۆنگرەیەدا ئۆرگانێکی دیکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناوی ئەنجوومەنی تێکۆشەران زیاد کرا؛ ئەو ئەنجوومەنە پێکدێت لەو کەسانەی "سەرکردە و تێکۆشەری دیاری پارتین کە بەتەمەندا چوون و رەنگە نەتوانن وەک پێویست لە ئۆرگانەکانی دیکەدا کارەکانیان رابپەڕێنن"، بۆیە لەنێو ئەو ئەنجوومەنەدا کاردەکەن و راوێژیان پێ دەکرێت. 
 
گۆڕانکارییەکی دیکەی کۆنگرەی 14ـی پارتی نەهێشتنی پۆستی سکرتێری مەکتەبی سیاسی و دروستکردنی دەستەی کارگێڕییە، کە لە جیاتی سکرتێری مەکتەبی سیاسی، کەسێک دەکرێتە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی.
 
کەمکردنەوەی کارگێڕی لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەکەدا یەکێکی دیکە بوو لەو گۆڕانکارییانەی دەنگی لەسەردرا، بەشێوەیەک ژمارەی کارگێڕانی لق بۆ شەش کارگێڕ و کارگێڕانی ناوچەش بۆ چوار کارگێڕ کەمکرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.