تووشبووێکی شێرپەنجە: داوا دەکەم خەڵک واز لە نێرگەلە و جگەرە بهێنن


رووداو دیجیتاڵ

هەڤاڵ تەمەنی 23 ساڵە و تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، بەڵام بە ورەیەکی بەرز و بەهێزەوە بەرەنگاری نەخۆشییەکەی دەبێتەوە. باس لە هۆکاری نەخۆشییەکەی دەکات و داوا دەکات خەڵک لە نێرگەلە و جگەرە دووربکەونەوە.
 
هەڤاڵ ئیدریس، تووشبوویێکی شێرپەنجەیە و دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکەم جگەرەیە. من جگەرە و نێرگەلەم زۆر دەکێشا و هەر ئەوەش ئاوای لێکردم. ئێستا ناتوانم تەنانەت چەند هەنگاویش بڕۆم. داوام لە هەموو ئەوانە کە جگەرە دەکێشن ئەوەیە کە وازی لێبهێنن".
 
زیاتر لە 200 پزیشک و پسپۆڕی شێرپەنجە لە هەولێر کۆبوونەتەوە. لە کۆنفرانسێکی دوو رۆژەدا باس لە دوایین هۆکارەکانی شێرپەنجە دەکەن لەلایەک. لەلایەکی دیکەش باس لەوە دەکەن کە خۆپارێزی و زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجە چ رۆڵێکی گرنگی لە تەندروستیی کۆمەڵەگە هەیە.
 
دکتۆر عەلی حەمید، پسپۆری نەخۆشیزانی دەڵێت، لەسەر ئاستی عێراق بەداخەوە بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی تۆکمەی تەندروستی، ئاستی بەرەنگاربوونەوەی و خۆپارێزی زۆر بەرز نییە. هەر بۆیە خزمەتگوزاری و ستانداردەکانی بەرەنگاریی و چارەسەری نەخۆشەکان زۆر بەرز نییە.
 
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باس لە چارەسەری پێشکەوتووی شێرپەنجە دەکەن لە هەرێمی کوردستان.
 
دکتۆر باساک بەرزنجی، سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە دەڵێت، "لە نەخۆشخانەی ئاوات ئامێری زۆر پێشکەوتوومان هەیە کە بە لێزەر چارەسەر دەکات و لەسەر ئاستی عێراق زۆر پێشکەوتووە".
 
لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوونی شێرپەنجە کۆسرەت نەعمان، پسپۆری زانستە تەندروستییەکان دەڵێت، ئەو ماددە خۆراکییانەی کە ماددەی مەترسیداریان تێدایە، هۆکارن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، لە لایەکی دیکەش پیسبوونی ژینگە هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە شێرپەنجەیە.
 
لانە بارزان، پسپۆری مایکرۆبایۆلۆجی لەو بارەوە گوتی، بەراورد بە پێشوو لە دەستنیشانکردن و چارەسەری زۆر پێشکەوتووترن، ئەگەریش قۆناخی دەستنیشانکردن و خۆپارێزی باشتر ببێت ئەوا چارەسەریش ئاسانترە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە یەک ساڵ و نیوی رابردوو نزیکەی 19 ملیۆن تووشبووی شێرپەنجە لە جیهاندا دەستنیشانکراون. نزیکەی 10 ملیۆن کەسیش بە شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە. شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، کۆلۆن و سی لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن لە جیهاندا.