یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی چەمانکێ: باوەڕم نەدەکرد پەکەکە هێرشمان بکاتەسەر
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە هێرشی رۆژی چوارشەممەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە لە چەمانکێ برینداربوو سەر بە فەرماندەیی ژینگەیە و دەڵێت، ئەو پێشمەرگانەی هێرشیان کراوەتە سەر، سەر بە راگەیاندن و رۆشنبیریی پێشمەرگە بوون. چوونیشیان بۆ ئەو ناوچانە بۆ قسەکردن بووە بۆ پێشمەرگە "وەک بەشێک لە پەروەردەی پێشمەرگە".
موقەدەم تەیب عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی ژینگە باسی رووداوەکەی چەمانکێی بۆ رووداو کرد کە گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک دوای برینداربوونی، گیانی لەدەستدا.
موقەدەم تەیب عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت، "ئێمە کۆمەڵێک بووین، خەڵکی مەیدانی و ئەفسەری رۆشنبیری بووین نەک جەنگی.. هێزێکی سەربازیی وامان لەگەڵ نەبوو، تەنانەت من و ئەفسەرێکی دیکە، پاسەوانیشمان لەگەڵ نەبوو و پێمان گوتبوو کە پشووبدات، چونکە پێویست ناکات".
بە گوتەی ئەو پێشمەرگە بریندارە، ئەوان بیریان لەوە نەکردبووەوە کە تووشی رووداوێکی وابن، "چونکە ئێمە لە مەقەڕێک دەچووین بۆ مەقەڕێکی دیکە". چوونیشیان بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەوە بووە کە کارەکەیان لەوێ بووە.
کاتێک ئەو لیژنەیەی راگەیاندن و رۆشنبیریی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ژینگە سیمینارەکانیان بۆ پێشمەرگە تەواو دەکەن، دەچنە شاخێک لەنێوان باکرمان و چەمانکێ، هەڵبژاردنی رێگەی باکرمانیش دوای ئەوە بووە هێزەکانی زێرەڤانی پێیان گوتوون، ئەو رێگەیە هاتووچۆ پێیدا ئاساییە و "رێگەی رۆژانەی خەڵکە".
کاتێک رێگە پێچاوپێچەکەی ئەو شاخەی نێوان باکرمان و چەمانکێ تەواو دەکەن، بۆمب بەو ئۆتۆمبێلەدا دەتەقێتەوە کە موقەدەم تەیب عەبدوڵڵای تێدابووە، لەباسی رووداوەکە دەڵێت، ئەو کاتە سەرقاڵی نووسینەوەی "شتێک" بووە و دەنگێکی "زۆر گەورە هاتووە". دەشڵێت، باوەڕی وا نەبووە پەکەکە هێرش بکاتە سەریان و وایزانیوە "فڕۆکە یان تایە تەقینە".
ئەو ئۆتۆمبێلەی تەیب عەبدوڵڵای تێدابووە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەوە ئاگری تێبەردەبێت، دەڵێت "گوێم قەپات بوو، من دابەزیم و برادەرێکی دیکە عەقید بوو، ئەویش توانی خۆی دەرباز بکات، بەڵام دەرگەی شۆفێرەکە نەدەکرایەوە و برادەرانی پێشمەرگە هاتن و رزگاریان کرد".
لەو کاتەدا کە بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیوەتەوە، لە چەند لایەکەوە تەقە لەو هێزەی پێشمەرگە کراوە، تەیب عەبدوڵڵا لەبارەی دەربازبوونیان دەڵێت، پەکەکە وازی نەهێناوە و بە نیشانشکێن تەقەیان لێکردوون. کاتێکیش کە برینداربووە و خوێن لە جەستەی رۆیشتووە، چووەتە ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە، بەڵام گولـلە بەر جامی پێشەوەی کەوتووە و هێندەی نەماوە بیپێکن.
لەو کاتەدا پێشمەرگە داوای هاوکاری لە هێزەکانی زێرەڤانی کردووە، بەڵام پێیان گوتوون، "فەرمان وایە وەڵام نەدەنەوە" بۆیە ئەو هێزەی پێشمەرگە هیچ گولـلەیەکیان بەڕووی پەکەکە نەتەقاندووە. تەیب عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت "بە ئەمر پێمان گوترا تەقە نەکەن".
لەکاتی هێرشەکەی پەکەکە دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی پێشمەرگە بەجێماون، کاتێک هاوڕێکانیان بە ئۆتۆمبێلێکی هامەر ویستوویانە بچن هەڵیان بگرن، پەکەکە تەقەی لێکردوون و رێگەی نەداوە. ئەو پێشمەرگە بریندارە بە رووداوی گوت "ئەو هامەرە تەنیا شۆفێرەکە و پێشمەرگەیەکی تێدابوو، هەتا ئەو کەسەی لەسەر دۆشکەی سەر هامەرەکەیە نەچووە سەر دۆشکەکە، بەڵام تەقەیان لێکرد".
رۆژی 2-11-2020 سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتیی کوردستان کرد و رایگەیاند: "مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە."
موقەدەم تەیب عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، ئامر فەوجی زێرەڤانی پێی گوتین "بەناوی سەرکردایەتیی لەشکرد، پێتان دەڵێم وەڵام نەدەنەوە"، چونکە ئەوە دەبێتە راگەیاندنی جەنگ و "براکوژیش حەرام کراوە".