حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک.
 
لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی عێراق دەڵێت: "سەرکۆنەی  هێرش و پەلاماری چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین، کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە".
 
رۆژی چوارشەممە لە سنووری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی، مینێکی چێندراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بە هێزێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو و دوو پێشمەرگەش بریندار بوون.
 
حکومەتی عێراقی دەڵێت: "بە تووندی ئەو هێرشە رەتدەکەینەوە، کە لەنێو خاکی عێراقدا کراوە، ئەمە هێرشە بۆ سەر سەروەریی عێراق، رێکارەکان دەگرنەبەر بۆ ئەوەی سنوورێک دابنرێت بۆ ئەو هێرش و پەلامارانە، کە ئاسایش و سەروەریی عێراق پێشێل دەکات".
 
فەریق جەمال ئیمنکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، هێزێکی پێشمەرگەی یەکەی 80 بە سەردان چوونەتە ئەو ناوچەیە، کە لەو ناوچەیە پێشمەرگە و پەکەکەش هەن. بەڵام رێگەیەکی سەرەکی هەیە لەنێوان ناحیەی چەمانکێ بەرەو ناوچەی بەرواری ژێری و سەرێکانیکا و بێبادێ و ئەو ناوچانە، تی ئێن تییەک لەسەر رێگاکە دانرابوو، بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تەقانێندراوەتەوە، پێشمەرگەیەک شەهید بووە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
 
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها دەڵێت پەکەکە تەقەشیان لە پێشمەرگە کردووە. ئەوەش بە کارێکی تێکدەرانە ناودەبات لەلایەن پەکەکەوە کە پێیوایە دەیانەوێت شەڕی کورد و کورد بکەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی پەکەکەی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان.
 
دواتر هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەبارەی رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هێزێکی پێشمەرگە ویستوویەتی "بچنە نێو کامپێکمان لە گارە"، بۆیە ئەوانیش دوو مینیان تەقاندووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هێزەکەی پێشمەرگە و دەشڵێت، شەڕیان نەکردووە و چەکیان بەکارنەهێناوە.
 
هەروەها شەوی رابردوو 4-11-2020 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش رووداوەکەی چەمانکێی بە پێشهاتێکی مەترسیدار ناوبرد و رایدەگەیێنێت، هێرشەکەی ئەمڕۆی پەکەکە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خەڵک و خاکی کوردستان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی، ئه‌م هێرشه‌ هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هێرشە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خەڵک و خاکی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەکاتێکدا گەلی کوردستان گیرۆدەی چه‌ندين قەیران و کێشەیه‌، ئەم شەڕپێفرۆشتن و بارگرژییە له‌لايه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌، دۆخی هه‌رێمی کوردستان و گەلەکەمان دووچاری نەهامەتیی زیاتر دەکاته‌وه‌ و كه‌س تيايدا براوه‌ نييه‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەپێویستیی دەزانێت "په‌كه‌كه‌ رێز لە قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هەرێمى كوردستان و حکومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و شەڕ و گێچەڵ لە کوردستان دوور بخاته‌وه‌".