ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کتێبی لە ''نۆروێژەوە بۆ کوردستان''ی ناساند

رووداو - هەولێر 

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کتێبی لە ''نۆروێژەوە بۆ کوردستان''ی بە خوێنەران ناساند، کە لە چوارچێوەی کتێبێکی 455 لاپەڕەیدایە و بەدرەددین ساڵح ئامادەیکردووە.


کتێبەکە راپۆرت و وێنەکانی گەشتی رۆژنامەڤانی ناسراوی نۆروێژی "ئێگیل ئولاتی" و وێنەگرەکەی "ئیڤارسن" بۆ کوردستان لەخۆدەگرێت، کە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە چوونەتە چیاکانی کوردستان، باسیان لە بەرگری پێشمەرگە لە خەڵک و خاکی کوردستان و ئاوارەبوونی خەڵک کردووە بەهۆی هێرشی رژێمی ئەو کاتی عێراقەوە.

بەدرەددین ساڵح لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بەرهەمە گەشتێکی زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتری رۆژنامەڤانی ناسراوی نۆوروێژی "ئێگیل ئولاتی" و وێنەگرەکەی "ئیڤارسن"ـە کە لە ساڵی 1975 چەند هەفتەیەک پێش نسکۆی شۆڕشی کورد لە نۆروێژەوە هاتوونەتە کوردستان و ماوەی چەند رۆژێک لە ناوچەی دەسەڵات و سەنگەرەکانی بەرگری هێزی پێشمەرگە دژی سوپای رژێمی ئەو کاتە راپۆرت و فیلم و وێنەیان هەڵگرتووە.

رۆژی دووشەممە 5-11-2018، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە مەراسیمێکدا کتێبەکەی بە خوێنەران ناساند. لەگەڵ نمایشی دۆکیۆمێنتارییەکەی ئیگیل ئولاتییە، بەدرەددین ساڵحیشی کردبووە میوان کە ئەرکی کۆکردنەوەی دوو فیلمەکە و زیاتر لە 500 وێنەی لە ئەستۆ بووە. 

بەدرەددین ساڵح دانیشتووی وڵاتی نەرویجە و دوای دیدار و وەرگرتنی مۆڵەت لە ئولاتییە، وێنەکانی لە کتێبێکدا کۆکردووەتەوە.

ئەگەرچی مێژووی کورد پڕە لە رووداو، شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی، بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە مێژووی کورد بە شێوەیەکی زانستی و بەپێی مێتۆدی مێژوونووسی تاوەکو ئێستا لەلایەن هیچ کوردێکەوە نەنووسراوە و ئەگەر رۆژنامەنووس و مێژوونووسە بیانییەکان نەبوونایە دیارنەبوو ئەو رووداوانە لە چ گۆشەیەکی مێژوودا بزردەبوون.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن