رۆژ نووری شاوێس: پارتی هیچ کاتێک گفتوگۆ رەتناکاتەوە

رووداو - هەولێر

لە سێیەمین رۆژی دیداری مێریدا د. رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان کرد و سەبارەت بە پارتی دیموکراتی کودستان گوتی" پارتی هیچ کاتێک گفتوگۆ رەتناکاتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-11-2015 کە کۆتا رۆژی دیدارەکە بوو لە شاری هەولێر ، دوایین پانێڵی تایبەتکرا بوو بە (قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە: بەربەست و دەرفەتەکان)، لە دیدارەکەدا رۆژ نووری شاوێس سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان لایەنکان گوتی" هەموومان براوەین، کەسمان دۆڕاو نین، گرنگ سەرکەوتنی گەلی کوردستانە".

لە درێژەی دیدارەکەدا دەربارەی ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە ، د. رۆژ گوتی" گوناهێکی گەورەیە ئۆباڵی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، چونكە لەدوای ساڵی 2003 ەوە لە بەغداوە کار بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کورد دەکرێت، هەوڵدراوە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازبکرێت، بۆیە کوردستان پێویستی بە چاکسازی دارایی و کارگێڕی هەیە".

هەر لە دیدارەکەدا د. رۆژ ئاماژەی بە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند" قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی وای لە هەندێک لایەن کرد لە بنەمای رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان دووربکەنەوە، پێویستە بۆ دووبارە رێککەوتن جارێکی دیکە لەسەر بنەمای رێککەوتن کۆببینەوە و رێکبکەوینەوە".

د. رۆژ گوتیشی، كە ئەوان وەک شاندی پارتی لە دوایین کۆبوونەوەی پێنج قوڵیدا داوایانکردووە کۆبوونەوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی بەردەوام بن، بەڵام چوار لایەنەکەی دیکە رایانگەیاندووە کە ئەوان چیتر کۆبوونەوە ناکەن.

هەر لە دیدارەکەدا ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی عەبادی کرد سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و پارەی فەرمانبەران و رایگەیاند" تاکە دەستکەوتی عەبادی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەرکاتێک پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق كەم بكات، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەبڕێت".

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت و دەستکەوتنی داهاتی نەوت د.رۆژ گوتی " پێویستە بەدەر لە نەوت پشت بەسەرچاوەی داهاتی دیکە ببەستین، نابێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا تەنیا لەچوارچێوەی نەوتدا بێت".