بەربژێرێکی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەهۆی لەیزەرەوە بینایی چاوێکی لەدەست دا
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی هاوپەیمانیی نیشتمانی چاوێکی بەتەواوەتی لەدەستداوە و پزیشکان پێیانگوتووە هیوای چاکبوونەوەی نییە، ئەو بەربژێرە ئاماژە بەوەش دەکات "بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکەمەوە و بەردەوام دەبم".
رۆژی شەممە 5-10-2024 بەختیار غەریب، بەرپرسی دامەزراوەی راگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو زانیویانە بەربژێرێکیان بەناوی سوهەیب سالار، بەهۆی رووداوێک چاوێکی لەدەستداوە، ئەمڕۆ سەردانیان کردووە، زانیویانە "هاوڕێیەکی بە هەڵە لەیزەری سەر چەکی لە چاوی داوە، یەکسەر چاوی تەڵخ بووە و بینایی لەدەستداوە."
گوتیشی "پزیشک پێی راگەیاندووە، دەبێت بەزووترین کات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، تاوەکو چاوی نەپووکێتەوە و ناچار نەبن چاوی شووشەی بۆ دابنێن". لەبارەی هیوای چاکبوونەوەشی، بەرپرسی دامەزراوەی راگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ رووداو ئاشکرایکرد "پزیشک پێی گوتووە هیوای چاکبوونەوەی نییە."
سوهەیب سالار، تەمەن 26 ساڵ، خوێندکاری قۆناخی چوارەمی کۆلێژی وەرزشی زانکۆی سلێمانییە، بەربژێری ژمارە 8ـی لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانییە. لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت "رۆژی 1-10-2024 لەگەڵ هاوڕێیەکی نزیکم لە هۆڵی وەرزش یاریی ئاسنمان دەکرد، هاوڕێیەکم لەیزەرێکی بەدەستەوە بوو، تیشکی بەر چاوم کەوت، یەکسەر چاوم تەڵخ بوو و بیناییم لەدەستدا."
گوتیشی "دوای ئەوەی سەردانی پزیشکم کرد و پشکنینەکانم بۆ چەند سەنتەر و نەخۆشخانەیەک نارد، پێیان گوتم دەبێت نەشتەرگەری بکەم، بۆ ئەوەی چاوم نەپووکێتەوە."
لەبارەی گەڕانەوەی بینایی چاوەکانی، سوهەیب سالار گوتی "هیچ پزیشکێک هیوای ئەوەی پێنەدام بیناییم دەگەڕێتەوە، بەڵام وەرگێڕێک پێی گوتم دەتوانرێت تاوەکو چوار مەتر ببینم، بۆیە ئەو هیوایەم هەیە کە ئەو چارەسەرە هەبێت". گوتیشی "پێشتر بەرچاوم هەمووی سوور بوو، بەڵام ئێستا باشترم، بە حاڵ ترووسکاییەک دەبینم."
لەبارەی جۆری ئەو لەیزەرەی بەر چاوی کەوتووە، ئەو بەربژێرەی هاوپەیمانیی نیشتمانی گوتی "بەدیاریکراوی نازانم جۆری لەیزەرەکە چییە، بەڵام لەیزەرێکی دەستی بوو، وابزانم لەوانە بوو کە لە ئینتەرنێت رێکلامی بۆ دەکرێت، هاوڕێیەکەم بە ئەنقەست وای نەکرد، بۆیە هیچ سکاڵام لەسەری تۆمار نەکردووە."
سوهەیب سالار لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیەوە گوتی "دوای ئەوەی سەردانی پزیشکم کردەوە، دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردنم دەکەمەوە و ناکشێمەوە."