رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو ئەمڕۆ وەکو رۆژانی ئاسایی چووە سەر کارەکەی، بەڵام بۆمبێک بە دەرگەی دووکانەکەیەوە بوو تەقییەوە. لە رووداوەکەشدا پێنج کەس بریندار بوون.
تەقینەوەکە کاژێر 9:30ـی بەیانی لە چوارڕیانی قەسابخانە لە گەڕەکی موسەڵڵا لە کەرکووک روویدا، پێنج کەس بەو هۆیەوە برینداربوون، بەڵام سایغن هاجەر ئۆغڵو کە خاوەنی نووسینگەکەیە، بە سەختی برینداربوو، هاوژینەکەشی کە لەگەڵیدابوو پارچەی بەرکەوتووە "دۆخی تەندروستیی جێگیرە."
تەقینەوەکە دەنگێکی بەرزی هەبووە، جگە لەو دووکانە چەند دووکان و ماڵێکی دیکەش لە نزیکی زیانیان بەرکەوت.
نەجات محەممەد، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و دەڵێت "نووسینگەکە ناوی هاجەر ئۆغڵووە و خاوەنەکەی سایغنە، ئافرەتێک بریندارە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون."
عیزەت محەممەد، شایەتحاڵێکی دیکەیە و گوتی "ئێمە ماڵمان نزیکە، هاتینە ئەمبەر و بە چاوی خۆمان بینیمان، دەنگێکی بەرز هات، کە هاتینە دەرەوە بینیمان کابرا کەوتووە و قاچی بڕاوەتەوە، کوڕێکی دیکەشی پشتی بریندار بوو."
"بریندارەکان هیلاکن، ئەو خاوەن لەفە و چێشتخانەکەیە، زۆربەیان بریندارن و خوابکەم باش بن. من ئەوە ماڵەکەمە و تەنیا جامێکم شکا." ئەمە گوتەی شایەتحاڵێکی دیکەیە بە ناوی حوسێن ئەحمەد.
سایغن و هاوسەرەکەی بە ئۆتۆمبێلێک هاتوونەتە سەر کار کە بەهۆی تەقینەوەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە. کەسوکاری پیاوە بەئامانجکراوەکە دەڵێن: "پێش ماوەیەک هەڕەشەی لەسەر بووە."
سێ لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کران و سایغن و هاوسەرەکەشی لە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکارین.
سایغن، ئەندامی بەرەی تورکمانییە و نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە، بەڵام هەر لە شوێنی تەقینەوەکە قاچێکی لەدەستدا.
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت "بەدڵنیاییەوە ئەم رووداوە تێرۆریستییە و زۆر روونە، چاندنی بۆمبێک و تەقاندنەوەی بە خەڵکی سڤیل. ئەمە تاوانی دیکە نییە و تێرۆریستییە و بەڕوونی دیارە."
گوتیشی "بەئامانجکردنی بەرپرسی بارەگەیەکی تورکمانی نزیک لە بەرەی تورکمانی عێراقی، روونە و دیارە ئەمە بەئامانجگرتنی کەسایەتییە باڵاکانی تورکمانە."
سایغن هاجەر ئۆغڵو، بەرپرسی ماڵی تورکمانییە کە یەکێکە لە رێکخراوەکانی سەر بە بەرەی تورکمانی.
لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا ئەرشەد ساڵحی و بەرەی تورکمانی هۆشداریی لەسەر دۆخی ئەمنیی کەرکووک دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ