رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری جەختدەکاتەوە "هەرێمی کوردستان بەڕێوەبردنێکی شخستخواردووی هەیە و دابەشبووە بەسەر دوو دەڤەردا". ئاماژە بەوەش دەکات "یەکێک لە لایەنەکان بیری چووەتەوە لە حکومەت بووە و ئێستاش حکومەتە."
عەلی باپیر، لە کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی کۆمەڵی دادگەری، روونیکردەوە "پارتی و یەکێتی بۆیان نییە بانگەشە بکەن، چونکە ئەوان لە حکومەتن و کەس دەستی نەگرتوون، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بۆی هەیە بڵێ وا دەکەم و بەرنامەکەی بخاتەڕوو."
ئەمڕۆ (شەممە، 5-10-2024) لە سلێمانی ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری بەڕێوەچوو، لە ئاهەنگەکەدا، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، گوتارێکی پێشکێش کرد کە لە بەشێکیدا ئاماژەی بەوە کرد "هەرێمی کوردستان لە رووی ئیدارەدان و حوکمڕانیەوە هەتا بڵێی حاڵەتێکی بێسەروبەرە و دابەشبووە بۆ سەر دوو دەڤەر".
ئاماژە بەوەش دەکات "هەر حیزبەو لە دەڤەری خۆی، خۆی بە هەمەکارە دەزانێت و هەر جارە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکیش درووشمێک بەرز دەکەنەوە."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت "یەکێک لە حیزبەکان لەبیری چووەتەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و بەئێستاشەوە پێکەوە لە دەسەڵات بوون، بەڵام ئێستا خۆی لێ بووەتە ئۆپۆزیسیۆن".
عەلی باپیر بە تەنزەوە پەندێکی کوردی دەهێنێتەوە و دەڵێت "ئەوەیە کە دەڵێ لەگەڵ گورگی گۆشتی دەخوا و لەگەڵ مەڕێش شینێ دەکا."
لەبارەی بانگەشەی پارتی و یەکێتی، عەلی باپیر پێیوایە، مادام پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات بوون "مافی ئەوەیان نییە بانگەشە بکەن، پێم سەیرە ئەوان بانگەشە دەکەن، خۆ کەس دەستی نەگرتوون، هەموو شتیان لەبەردەستە، پۆلیس، پێشمەرگە، هێز، پارە و پەیوەندییەکان، هەموو شتێکیان لەبەردەستە بۆچی نایکەن؟"
دووپاتیشیدەکاتەوە "ئۆپۆزیسیۆن بۆی هەیە بڵێ دەیکەم، بەڵام ئەو حیزبانەی لە دەسەڵاتن بۆیان نییە بڵێن وا دەکەم و وادەکەم، فەرموو بیکە کەس دەستی نەگرتوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ