وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: 100 حوکمدراو لە چاکسازییەکاندا بۆ لێبووردنی تایبەت دەستنیشانکراون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، 100 حوکمدراو لە چاکسازییەکاندا دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی لێبووردنیان بۆ دەربکرێت. 
 
رۆژی شەممە 05-10-2024، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە چاکسازییەکاندا 100 کەس دەستنیشانکراون کە پەککەوتەن یان نەخۆشی شێرەنجەیان هەیە بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربکرێت.
 
کوێستان محەممەد گوتی، ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە کە نوێنەرانی چەند وەزارەت، دەستە و ئەنجوومەنی دادوەری تێدایە بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو 100 کەسە دەربکات''. 
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە قۆناخی یەکەمدا ناوی 22 کەس لەو 100 کەسە خراوەتە بەردەستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ''ئەوانی دیکەش ئەگەر لیژنەی پزیشکی پشتڕاستی کردنەوە کە شایەنن لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربکرێت، ناوەکەیان دەخرێتە بەر دەستی بەڕێزیان''. 
 
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن. هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەش هەن.
 
''راهێنانی پیشەیی بە 9 هەزار کەس کراوە''
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، لە کابینەی نۆیەمدا وەزارەتەکە کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری گرتووەتەبەر و گوتی، ''چوار سەنتەری راهێنانی پیشەییمان کردوونەتەوە بۆ ئەوەی راهێنان بە گەنجەکان بکەن و ئێستا ژمارەی ئەو سەنتەرانە بەگشتی گەیشتووەتە 10 سەنتەر''.
 
بە گوتەی کوێستان محەممەد، کردنەوەی ئەو سەنتەرانە کاریگەریی باشی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری هەبووە؛ گوتیشی، بەردەوامی خولی راهێنانی پیشەییان لە بواری جیاجیادا کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن.
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ''لە کابینەی نۆیەمدا توانیومانە راهێنانی پیشەیی بە زیاتر لە 9 هەزار گەنج بکەین کە بەپێی بەدواداچوونەکانمان، 30٪ـیان ئێستا بوونەتە خاوەن کاری خۆیان و چەند کەسێکیشیان لەگەڵ خۆیان دامەزراندووە".
 
وەک کوێستان محەممەد دەڵێت، لە هەریەکە لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک 27 خولی راهێنانی پیشەیی کراونەتەوە و ''ئەو خولانەی زۆر خواستیان لەسەر بووە بریتی بوون لە خولی راهێنانی کۆمپیوتەر، چاککردنەوەی مۆبایل، بەرهەمهێناینی کارەبا بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر، دروومان، بیناسازی، کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ''.
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، دوای تەواوکردنی خولەکانی راهێنان، بڕوانامە دەدرێتە بەشداربووان و ''لە هەندێک لە خولەکانیشدا وەک داگرتنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلی گەورە، بڕوانامەی نێودەوڵەتیشیان پێ دەبەخشرێت.''
 
شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی بەغدا دەکات
 
بڕیار بوو چەند رۆژێک لەمەوبەر بە سەرۆکایەتیی کوێستان محەممەد، شاندێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ پرسی هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکەیان دواکەوت.
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی هاوتاکردنی مووچە و یاسای خاوەن پێدویستیی تایبەت گوتی، ''هێشتا عێراق خۆی ئەو یاسایەی کە دەریکردووە و هەمواری کردووەتەوە بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت نەیخستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە''. 
 
کوێستان محەممەد گوتی، کاتێک شاندەکەی عێراق (بۆ کاروباری ئابووری لە 7ـی ئەیلوول) هاتنە هەولێر، ''داوام کرد مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەک بەغدا زیاد بکرێت." و وەزیری دارایی عێراق وەڵامی دایەوە و گوتی، ''ئەو یاسایەمان نەخستووەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە و نایشیخەین، چونکە تەرخانی دارایی بۆ نەکراوە".
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی 13-10-2024 شاندێکی باڵای وەزارەتەکە سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لەسەر کۆمەڵێک بابەت، هەروەها لەگەڵ وەزیری دادی عێراقیش لەسەر بابەتی چاکسازییەکان کۆدەبنەوە؛ گوتیشی، ''ئەوەی مەبەستمانە تەنیا بەرزکردنەوەی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت نییە، بەڵکو تۆمارکردنی ناویان و بابەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیشە.''
 
کوێستان محەممەد گوتی، لە عێراق دوو ملیۆن و 700 هەزار خێزان پارەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، هەروەها سەرجەم خێزانە هەژارەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش ساڵانە چوار بەشەخۆراکی زیادە وەردەگرن.
 
مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان 100 بۆ 150 هەزار دینارە، ئەوەش لە کاتێکدایە کەمترین مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە عێراق 250 هەزار دینارە.
 
بە گوێرەی ئاماری یەکێتیی کەمئەندامان، لە هەرێمی کوردستان 89 هەزار خاوەن پیداویستیی تایبەت مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و نزیکەی 40 هەزاری دیکەش لە ساڵی 2013ـەوە چاوەڕوانی تۆمارکردنن بۆ وەرگرتنی مووچە.