کۆمیسیۆن: بۆ پاراستنی هەر بنکەیەکی دەنگدان 10 کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دادەنرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەرکی پاراستنی وێستگەکانی دەنگدانی لە ئەستۆ دەبێت و لیژنەیەکی هاوبەشیش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێکهێنراوە.
رۆژی شەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، عیماد جەمیل بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، "رێنمایی و رێکارەکان بۆ پاراستنی وێستگەکانی دەنگدان ئامادەکراون و لەم رۆژانەدا کۆمیسیۆن بڵاویان دەکاتەوە، کە بەگوێرەی رێکارەکان؛ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن."
گوتیشی، "بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان 10 کارمەندی سەر بە هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دادەنرێن و ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەبێت."
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی گشتیی رێکارە ئەمنی و لۆجستییەکان دەکەن."
بۆ پاراستنی ئەمنیەتی هەڵبژاردن، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی پارێزگارەکان پێکهێنراوە و هەر پارێزگایەکیش لیژنەیەکی تایبەتی خۆی دەبێت، کە پارێزگار سەرۆکایەتیی دەکات و نوێنەری کۆمیسیۆن، تەندروستی، پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس تێیدا ئەندامن.
20ـی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت، 48 کاژێر پێش دەنگدانی گشتیی واتە لە 18ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ هەزار و 431 بنکەی دەنگدان دەبن؛ هەزار و 266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.