رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە نزیک شاری شابادی پارێزگای کرماشان 11 کەس بریندار بوون. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
ئێوارەی دوێنێ هەینی 04-10-2024 لە نزیک شاری شابادی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید و بارهەڵگرێکی بچووک پێکیاندادا و لە ئەنجامدا 5 لە سەرنشینانی هەردوو لا برینداربوون.
مەسعود قەلعە سفیدی، بەرێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، سەرجەم بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەر.
قەلعە سفیدی گوتیشی، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتی دیکەش لە جۆری پیژۆ 405 لەسەر رێگەی شاباد-کرماشان، 6 کەس بریندار بوون کە ئەوانیش گوێزرانەتەوە نەخۆشخانە.
شاباد بە دووری 54 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری کرماشان هەڵکەوتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەسە و زۆرینەیان کوردی کەلهوڕن.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-07-2024، 6 هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووداوی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ