رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیەک لە هەڵەبجە پێی دەگوترێت، "پڕۆژەی پارتییەکان"، نزیکەی 13 ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکی پێنەگەیشتووە، خاوەنی خانووەکان دەڵێن، ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییان نییە، هەر کەلوپەلێکیش دەهێننە خانووەکانیان "لێیان دەدزرێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 2009 بڕیاری دا 362 خانوو بەسەر کەسوکاری شەهیدانی ئەو حیزبە دابەشبکات لە هەڵەبجە، ئێستا خانووەکان بەشێکیان تەواو کراون، بەڵام ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، شەقام و قوتابخانەی بۆ دابین نەکراوە، هەر بۆیە سیمای پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی لەدەستداوە.
فەرحان عیزەت، کەسوکاری شەهيدە و لەبارەی وەرگرتنی ئەو خانووانەوە بە رووداوی گوت، "13 ساڵ و 10 مانگە ئەم خانووەمان وەرگرتووە وەکو کەسوکاری شەهیدی پارتی، بەڵام خۆزگە وەرمان نەگرتایە، چەند ساڵە لێرەین قوتابخانەکەمان هێشتا هەیکەلە، لە کاتێکدا دەبوو ئێستا قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە لە زانکۆ بوونایە. دەرگە و پەنجەرەکانمان شکاون و کەلوپەلەکانی دیکەمان دزراون، هەر شتێک دەهێنینە ئێرە بۆ کارکردن، رۆژێکی دواتر دێینەوە دزراوە."
عەباس يونس، یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری شەهيدان و خاوەنی یەکێک لەو خانووانەیە، دەڵێت، "بەڕاستی ئەوە ژیان نییە لێرە دەگوزەرێت، ئێمە خاوەنی ئەم خانووانەین، پێشنیاز بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، ئەم پڕۆژەیە بکەنە مۆزەخانە، تاوەکو خەڵک لە شارەکانی دیکەوە بێن سەیری بکەن و بڵێن ئەمە پڕۆژەیەک بوو. زۆر بە داخەوە بەڕاستی."
لەبارەی هۆکاری تەواونەکردنی پڕۆژەکە و نەبوونی خزمەتگوزاری، بەرپرسی یەکەمی پارتی لە پارێزگەی هەڵەبجە، بە رووداوی راگەیاند، قەیرانی دارایی و ئیدارەی شارەکە هۆکارن بۆ دواکەوتنی پڕۆژەکە و نەبوونی خزمەتگوزاری.
دلێر حەمە کەريم، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی ديموکراتی کوردستان دەڵێت، "حەقی خۆیانە ئەو کەموکوڕییانەی هەیانە بۆیان چارەسەر بکرێت، ئێمە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان دڵنیا دەکەینەوە، چارەسەری ئەو کەموکوڕییانەیان بۆ دەکەین کە هەیە، بەڵام کێشەکان لە چوارچێوەی ئیدارەی هەڵبجەدایە، ئێمە بە جدی لەسەر خەتین کە دەبێت چارەسەری ئەو پڕۆژەیە بکرێت."
بەگوتەی کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، پڕۆژەکە لە ساڵی 2021ـوە گۆڕاوە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان، پاش ساڵێک بەڵێندەر دەستی بە کارکردن کردووە، هەرچەندە کەمتەر خەمی لە پڕۆژەکە کردووە، بەڵام هۆکارێکی سەرەکی نەبوونی پارەی نەختینەیە لە بانکەکاندا، کە ئەوانیش کارەکانیان راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ