80 کۆمپانیای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرهەمەکانیان لە سلێمانی نمایش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری 80 کۆمپانیای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاتوونەتە سلێمانی و پێشەنگەیەکیان کردووەتەوە کە تەنیا کەلوپەلی ئێرانی تێیدا نمایش دەکرێت، پێشەنگەکە بە هاوکاری کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی رێکخراوە و دووەمین جارە پێشەنگەی هاوشێوە لەو شارە بکرێتەوە.
سروشت سازانی، بەڕێوبەری راگەیاندنی پێشانگەی ئێران لە سلێمانی، لەبارەی پێشەنگەکەوە بە رووداوی گوت: "کۆمپانیاکان بە 15جۆر کاڵا، کەرەستەی جۆراوجۆر و پیشەسازییان نمایش کردووە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانین، کۆمپانیاکان لە تەواوی عێراقەوە سەردانی پێشانگەکە بکەن."
پیاوێک زیاتر لە 20 ساڵە لە ئێرانەوە بۆ عێراق و بە پێچەوانەوە بازرگانی دەکات، زیاتر موبەریدە و تەباخی ئێرانی هاوردەی عێراق دەکات.
سامی ساڵح، بازرگانێکی کوردە و بریکاری دوو کۆمپانیای ئێرانییە لە عێراق، گوتی، "ئەو دوو کۆمپانیایەی ئێمە نوێنەرایەتییان دەکەین، گەورەترین کۆمپانیان لەسەر ئاستی ئێران لەبوارەکانی خۆیاندا و هیچ کارگەیەکی دیکە ناتوانێت رکابەرێیتیان بکات بۆیە کاڵاکانی ئەوانمان هێناوە لێرە نمایشمان کردووە."
کاروان جەباری، بازرگانێکی ئێرانییە لەبارەی کارەکانیانەوە گوتی: "
لە لایەکەوە، ئەم دیوارە، کێشێکی زۆر کەمی هەیە، هەر بلۆکێکی 10 سانتیمە و بۆ هەر 10 مەتر دیوارێک کە بەم بلۆکە 10 سانتیمە دادەنرێت تەنیا 65 کیلۆ کێش دروست دەکات کە بەراورد بەو دیوارانەی دیکە کە لەم ناوچەدا دادەنرێن، جیاوازییەکی زۆری هەیە، لانیکەم جیاوازییەکی 200 بۆ 300 کیلۆیە لە کێشدا. ئەم دیوارە هەروەها رێگری لە گەرما، سەرما، شێ و دەنگیش دەکات."
تاریق ئەحمەد، نوێنەری کۆمپانیایەکی ئێرانییە لەبارەی بەرهەمەکانیان و نمایشکردنیان لە پێشەنگەکە باسی لەوەکرد، "ئامانجمان لە بەشداریکردن لەم پێشانگەیە ئەوەیە کە کارەکانمان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەین و بەرهەمی زیاتر بنێرین بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتریش لەگەڵ بازرگانەکانی ئێرە هاوئاهەنگی و کارمان هەبووە."
عەتا رەحمان، بازرگانێکی دیکەیە و نوێنەری کۆمپانیای پارس پترۆلی ئێرانییەوە دەڵێت، ئامانجایان ئەوەیە ئەم ڕۆنە بناسێنن بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە کوالێتییەکی "زۆر باش و نرخێکی زۆر گونجاوی هەیە."
پێشانگەکە، تاوەکو رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەردەوام دەبێت و سەرجەم ژوورە بازرگانییەکانی عێراق بانگهێشت کراون تا کۆمپانیا ئێرانییەکان بناسن و گرێبەستی بازرگانی واژۆ بکەن.