لە کرماشان هۆشداری روودانی لافاو دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە زۆربەی شار و ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان باران دەبارێت و بەرپرسێکی فەرمانگەی سەرچاوە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی ئەو پارێزگایە هۆشداری لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاوی چەم و رووبارەکان و دروستبوونی لافاو دەدات.
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2023، سەعید قاسمی، بەڕێوەبەری ناوەندی پێشبینیەکانی رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەمین بارانی وەرزی پاییز لە سنووری ئەو پارێزگایە  لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، سەحنە، کەنگاوەر، سەرپیل زەهاو، قەسری شیرین، خوسرەوی، حەمیل و کرەند باری.
 
سەعید قاسمی گوتی، زۆرترین باران لە شاری گەوارە باریوە، کە 11 مللیمەتر بووە، لە جوانڕۆ 10.4 مللیمەتر، کرماشان 9.2 مللیمەتر باریوە کەمترین بارانیش لە شارەکانی قەسری شیرین و خوسرەوی باریوە، کە  0.6 مللیمەتر بووە. لە سەرپیل زەهاویش 1.8 مللیمەتر باران باریوە.
 
بڕی باران بارین لە شارەکانی کرماشان:
 
گەوارە: 11 مللیمەتر
جوانڕۆ 10.4 مللیمەتر
کرماشان 9.2 مللیمەتر
کرەند 9.2 مللیمەتر
گواوەر 9 مللیمەتر
کەنگاوەر 3.2 مللیمەتر
حەمیل 3 مللیمەتر
سەرپیل زەهاو 1.8 مللیمەتر
قەسری شیرین 0.6 مللیمەتر
خوسرەوی 0.6 مللیمەتر
 
بەڕێوەبەری ناوەندی پێشبینیەکانی رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای کرماشان ئەوەشی خستەروو کە لە 24 کاژێری رابردوودا شارەکانی کوزەران و کەنگاوەر بە 5 پلەی سیلیزی فێنکترین و شاری خوسرەوی بە 26 پلەی سیلیزی گەرمترین ناوچە بوون لە پارێزگای کرماشان.
 
لە لایەکی دیکەوە، غولامڕەزا چامە، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان بۆ بەڕێوەبردنی سامانی ئاو ئەمرۆ رایگەیاند، ئەگەر لە وەرزی پاییز رێژەی بارینی باران زۆر بێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری قەرەسوو و دروستبوونی لافاو زۆر بەهێزە.
 
غولامڕەزا چامە گوتی، درێژیی رووباری قەرەسوو زیاتر لە 100 کیلومەترە و رووبەری ئاورێژی رووبارەکە 530 هەزار هێکتارە، بۆیە لە ئەگەری زۆر بارینی باران کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر بەشێکی زۆری پارێزگای کرماشان.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لە ئەگەری روودانی لافاو، گەرەکەکانی شاری مامۆستایان، کورناچی، تەعاون و ئیلاهیەی شاری کرماشان تووشی کێشەی گەورە و زۆر جیدی دەبن.
 
رێکخراوی کەشناسیی ئێران بۆ چەندین پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشبینی بارینی بارانی بەخوڕی کردووە و داوای لە خەڵک، بەتایبەت گەشتیاران کردووە لە رۆخی چەم و رووبارەکان دووربکەونەوە، چونکە مەترسی روودانی لافاو هەیە.
 
عەلی محەممەد زورئاوەند، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای کرماشان، سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاندبوو، "بەپێی لێکدانەوە سەرەتاییەکان، پاییزی ئەمساڵ 130 تاوەکو 220 میللمەتر باران دەبارێت، بەشێوەی مامناوەند لە پارێزگای کرماشاندا لە وەرزی پاییزدا 120 تاوەکو 160 مللیمەتر دەبارێت، بەڵام ساڵی پار 43 میللمەتر باری." بەڵام گوتیشی: "ئەو بارانە قەرەبووی ساڵانی رابردووی کەم بارانی ناکاتەوە."