رێگەوبانی دهۆک: ئەم ساڵ رێگەی 151 گوند چاککراوە


رووداو دیجیتاڵ

رێگەوبانی دهۆک رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ 71 پڕۆژەی رێگەوبان لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێکراون کە 151 گوندی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن. دەشڵیت: "لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بانگەوازی تەندەر بۆ پێنج پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەوبان دەکەن کە بەهاکەی 162 ملیار دینارە".

ئەندازیار رێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، زۆرینەی پڕۆژەکانی کەرتی رێگەوبان کە ئەمساڵ جێبەجێکراون لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک، رێگەوبانی گوندەکان بووە. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک گوتی، ئەمساڵ 71 پڕۆژەیان هەبووە کە 151 گوند و دێهات لێی سوودمەند دەبن و گوژمەی پڕۆژەکانیش نزیکەی 30 ملیار دینارە. گوتیشی: "لەو 71 پڕۆژەیە، نزیکەی 40 پڕۆژەیان تەواوبوون و 30 پڕۆژەشیان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، نزیکەی 60٪ـی رێگەی گوندەکان تەواوکراون".
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک، 494 کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی هەن، تاوەکو ئێستا 308 کیلۆمەتری رێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە کراونەتە دووساید. رێدیر سلێمان دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکە "186 کیلۆمەتر رێگەمان ماوە، بۆ ئەوەی تەواوی رێگە سەرەکییەکان بکرێنە دووساید، ئێستا رەزامەندی لەسەر پێنج پڕۆژەی رێگەوبان دراوە رۆژی 18ـی ئەم مانگە رادەگەیێندرێن و لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بانگەوازی تەندەریان بۆ دەکرێت."
 
لەبارەی ئەو پڕۆژانە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی دهۆک دەڵێت، ئەو پێنج پڕۆژەیە بە گوژمەی نزیکەی 162 ملیار دینارە، بەتەوابوونی دوو پڕۆژەیان نزیکەی 60 کیلۆمەتری دیکە لە رێگەی سەرەکی دەبێتە دووساید و ئەوکات تەنیا نزیکەی 120 کیلۆمەتر دەمێنێت.
 
ئەو پڕۆژانەی کە بانگەوازیان بۆ دەکرێت، رێگەی دووسایدی بەردەڕەش-کەڵەک (30 کم)؛ رێگەی دووسایدی قەندیل- ئاکرێ (30 کم)؛ سایدی کۆنی رۆڤیا – بەردەڕەش  (19 کم)؛ ئۆڤەرپاسی چوارڕیانی بەردەڕەش (15 کم)؛ قیرتاوکردن و چاککردنی رێگەی کورا مانگیش (19 کم) هەروەها رێگەی پردی ئاڵوکا (23 کم) بانگەوازی بۆکراوە.
 
سەبارەت بە پڕۆژە راگیراوەکانیش، رێدیر سلێمان دەڵێت، لە رابردوودا چوار پڕۆژەیان هەبوو راگیرابوون، بەهای ئەو پڕۆژانە نزیکەی 84 ملیار دیناربوون، بەڵام کاری زۆرباشیان تێداکراوە و ئەم ساڵ تەواوکراون. گوتیشی، پڕۆژەکانیش؛ رێگەی دارەتوو-بەنێنان – بشیریان بەدرێژایی 44 کیلۆمەتر؛ رێگەی ئاکرێ-قەندیل بە دوو قۆناخ بوو بەگوژمەی 23 ملیار دینار؛ رێگەی ئیبراهیم خەلیل- دێرەبوون بەگوژمەی 38 ملیار دینار و هەروەها ئۆڤەرپاسی سێمێل بە گوژمەی 4 ملیار دینار تەواو کراون.
 
ساڵی رابردوو بەهۆی لافاو بەشێک لە پرد و رێگەکانی پارێزگای دهۆک زیانیان پێگەیشت، ئەو بەرپرسەی رێگەوبانی دهۆک گوتی: ساڵی رابردوو پردی قەسرۆک بەهۆی لافاو گرفتی بۆ دروستبوو چاککرایەوە، ئەو پرد و رێگەیانەش گرفتیان هەبووە کاریان تێداکراوە و چاککراونەتەوە.