ئاسایشی رێڤەبەریی خۆسەر: شەش ئەنداممان لە هێرشێکدا لە عاموودا گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاند، لە هێرشێکدا لە گوندی تل حەبەشی باشووری عاموودا، شەش ئەندامیان گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە هێرشێکدا لە گوندێکی سەر بە کۆبانی دوو هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا، لە گوندی موشێرفە ئەلحمێی باکووری حەسەکەش، سێ هاووڵاتی لە هێرشێکی دیکەدا بریندار بوون.
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، فرۆکەکانی تورکیا بە چڕی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
 
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر، لەبارەی هێڕشەکانی ئەمڕۆی "تورکیا" بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، "زیاتر لە 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە هێرشەکانی ئەمرۆدا بەشدارن و تا ئێستا چەندین شوێن لە حەسەکە، قامشلۆ، عاموودا، تلتەمر، کۆبانی، تربەسپی، چل ئاغا و ئەلتەمەر بۆردوومان کراون."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر دەڵێت، "لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا، تورکیا لە رێگەی زیاتر لە 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سنووری ئاسمانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای بەزاند و زنجیرە هێرشێکیان لە سەر هەرێمەکەمان دەستپێکرد و جارێکی دیکە زۆر شوێن، ژێرخان، ناوەندی خزمەتگوزاری و وێستگەی گاز و نەوتیان کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا بریندار و قوربانی لێکەوتەوە و لە هێرشەکاندا شوێنی نیشتەجێبوون و هاووڵاتیی مەدەنی کرانە ئامانج."
 
هەروەها دەڵێت، "دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دەوروبەری کەمپی واشۆکانیی ئاوارەکانی سەرێکانی لە دەورووبەری حەسەکە کراون، هەروەها کارگەیەک لە گوندی موشیرفە ئەلحمێ کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای حەسەکە کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ کەسی سڤیل بریندار بوون".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە،" ماتۆڕسکیلێک لە گوندی خەراب عیشق کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کانتۆنی کۆبانی، لە سەر رێگەی نێودەوڵەتی ئێم فۆر، کراوەتە ئامانج و لە هێرشەکەدا دوو هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا. هەروەها ژمارەیەک گوند کە هاووڵاتی سڤیل لێی دەژین، لە دەوروبەری کۆبانی، تلتەمر و حەسەکە لەلایەن درۆنەکانی تورکیا کرانە ئامانج. هەروەها لە نزیک گوندی کارداهۆل لە باشووری رۆژئاوای ناوچەی تربەسپی، چەندین کۆگەی نەوت بۆردوومان کران."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاندووە، "وێستگەیەکی نەوت لە گوندی ئەلقەوسی سەر بەر ناوچەی چل ئاغا لە سنووری کانتۆنی قامیشلۆ، شوێنێک لە دەوروبەری وێستگەی گواستنەوەی ئاو لە گوندی ئەلرەکبا کە دەکەوێتە باشووری ناوچەی ئەلتەمەر بۆردوومان کراون کە لە ئەنجامدا زیانی مادی لێکەوتووە. هەروەها دەوروبەری بەنداوی چل ئاغا لە باکووری ئەو ناوچەیە کراوەتە ئامانج."
 
ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر ئاماژە بە گیان لەدەستدانی شەش لە ئەندامەکانی لە هێرشێکی تورکیا لە باشووری شاری عاموودا دەکات و دەڵێت، "گوندی تل حەبەش کە دەکەوێتە باشووری ناوچەی عاموودا کە سەر بە کانتۆنی قامیشلۆیە، لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە 6 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا."