رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا 24 کەسی دیکە بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران. تاوەکو ئێستاش لە ماوەی چوار رۆژدا 136 کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، دیلۆک و شرناخـی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، هەڵیانکوتایە سەر چەندین شوێن و 24 کەسیان دەستگیر کرد.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس(تویتەری پێشوو) رایگەیاند، لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان کردووە و 24 کەسیان دەستگیرکردووە.
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە، بۆ سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپەن.
لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا 136 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ