ئێران بە قووڵایی 20 کیلۆمەتر نێو خاکی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات


رووداو دیجیتاڵ

12 رۆژە تۆپباران و بۆردوومانی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی باشووری کوردستان بەردەوامە، تۆپباران قووڵایی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستانی تێپەڕ کردووە، ئەو مووشەکانەی ئێران بەکاریان دێنێت جۆراوجۆرن و "بەشێکیان مووشەکی قەدەخەکراون". ژمارەیێکیشیان نەتەقیونەتەوە و بوونەتە بۆسەیێکی ترسناک بۆ گیانی گوندنشینانی ناوچەکە.
 
بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد دەڵێت، "تۆپە دوورهاوێژەکان، گراد هەروەها درۆنی مووشەکهەڵگر و خۆکوژ لە بۆردوومان و تۆپبارانەکە بەکار دەهێندرێن، بێ شک ئەوانە هەموو چەکی قورسن و زۆریش مەترسیدارن بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێمە، ئەمانە چەکی قەدەخەکراون و نابێت بە هیچ شێوەیێک بەکاربهێندرێن تەنها لە کاتی شەڕ و پێکدادان نەبێت."
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سوپای پاسداران تۆپی 155 ملیمەتری راجیمەی چلی، هاوەنی 120ملیمەتری، مووشەکی زیرەک و درۆنی مووشەکهەڵگر لە هێرشەکانیدا بەکاردەهێنێت.
 
تاوەکو تۆپباران و بۆردوومانەکە بەردەوام بێت، مووشەکە نەتەقیوەکان کاریان لەسەر ناکرێت. 
 
موخلیس شەریف، بەرپرسی چالاکییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مینی هەولێر دەڵێت، "ئەو مووشەک و گوللانە ئەگەر بجووڵێنرێن دەتەقنەوە، لەبەر ئەوە دەبێت لە شوێنەکانی خۆیان لە ناویان ببەین، هەندێک جار و هەندێک لە مووشەکەکان دەکرێت بیان گوازینەوە شوێنێکی دیکە بۆ تەقاندنەوەیان، بەڵام ئەوە کاری ئێمەیە کە پسپۆری ئەو بوارەین نەک هاووڵاتییان کە شارەزا نین و بچن دەستکاری بکەن کارەسات روودەدات."
 
تاوەکو ئێستا تۆپبارانەکە قووڵایی زیاتر لە 20 کیلۆمەتری لە خاکی باشووری کوردستان بەزاندووە. رۆژ دوای رۆژ لە ئاوەدانییەکان نزیک دەبێتەوە و کاسبکاران ئاوارە دەکات.