تەندروستیی سلێمانی: ناتوانین بەپێی پێویست خزمەتی هاووڵاتییان بکەین

05-10-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەبوونی پێویستییە پزیشکییەکان و سەرچاوەی مرۆییەوە ناتوانن "بەپێی پێویست خزمەتی هاووڵاتییان" بکەن.
 
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەراورد بەو فراوانبوونەی لە شار و شارۆچکە و گوندەکاندا روویداوە کارمەند بەشیان ناکات. ئێمە ناتوانین بەو توانا مرۆییە کەمەی کە هەمانە ئەو هەموو خزمەتگوزارییە بگەیێنینە هەموو شوێنێک. دەرمان و پێویستییە پزیشکییەکانمان کەمن و ناتوانین بەپێی پێویست خزمەتی هاووڵاتییان بکەین."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، "کێشە گەورەکە"یان ئەوەیە کە کارمەندی تەندروستییان کەمە و سەرچاوەی مرۆییان بەشی ئەو هەموو خزمەتگوزارییە ناکات کە لە زیادبووندایە. 
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان گلەیی ئەوە دەکەن کە لە هەندێک نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیدا هەندێک کارمەند و پزیشک بە گوێرەی پێویست بە دەم نەخۆشەوە ناچن. د. هێرش سەید سەلیم گوتی: "ئێمە تیمی چاودێریمان هەیە کە چاودێریی کارمەندان دەکەن لە فەرمانگە تەندروستی و نەخۆشخانەکاندا، بەڵام ئێستا بۆ دەرچوونی ئەوانیش کێشەمان هەیە کە نەبوونی بەنزینە و لەبەر ئەوەیش نەمانتوانیوە تیمەکانی بەدواداچوونمان فراوان بکەین. داوایش لە هاووڵاتییان دەکەم هەر سکاڵایەکیان هەیە پێمانی بگەیێنن."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوە کرد کە لە ساڵی 2006ـەوە تەندروستیی سلێمانی ئۆتۆمبێلی بۆ نەکڕدراوە و ئەوەیشی هەیانە "زۆربەی پەکی کەوتووە"، بەو هۆیەوە تیمەکانیان ناتوانن بە شێوەیەکی باش بۆ چاودێری دەربچن.  
 
د. هێرش سەید سەلیم گوتی: "نزیکەی دوو ساڵە خەریکی پرۆژەیەکی ستراتیژین کە 24 بنکەی فریاگوزاریی خێرایە بۆ هەموو ناوچە سەرەکییەکان و بە یەکدییەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام ئەم قەیرانە دەستی گرتووین، چونکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە و دابینکردنی ئەمبووڵانسە. لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر کەم ئەمبووڵانس دابین کراوە کە ئەویش لە رێگەی رێککخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بووە. ئەگەر بودجەمان بۆ دابین بکرێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.