موبارەک بە گریانەوە: بە شیش و بۆکس و دەڕنەفیز لە پشتیان دام و خەریکبوو بمخنکێنن
رووداو دیجیتاڵ
تیمی روودای بەیانیان دەچێتە ماڵی موبارەک و باسی ئەو گرتە ڤیدیۆیە دەکات کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە و تێیدا دەردەوکەوێت سووکایەیی پێدەکەن و لێی دەدەن و جوێنی پێدەدەن، موبارەک بە گریانەوە دەڵێت: بە شیش و بۆکس و دەڕنەفیز لە پشتمیاندا و خەریکبوو بمخنکێنن.
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، چەند کەسێک ئازاری موبارەک دەدەن، ئەو کەسانەی لە دەوری موبارەکن هەڕەشەی لێدەکەن، پێی دەڵێن، "بڵێ گومخوارد" موبارەکیش دەیڵێتەوە.
شەوی رابردوو رووداو لە گەڕەکی تاسڵوجەی سلێمانی سەردانی موبارەک دەکات و لەزاری خۆیەوە باسی ئەو رۆژە دەکات کە ئازاریان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دەڵێت، "رۆژی هەینی بوو لەنێو دۆلار فرۆشەکان ئەو کەسەی لە گرتەڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت وتی وەرە 50 هەزارت دەدەمێ، بەڵام منیان خستەنێو چایخانە و بە شیش و بۆکس و دەڕنەفیز لە پشتمیاندا و دواتر دەستان کردە ملم و خەریکبوو بمخێنکێنن."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، پێنج تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە "سوکایەتییان بە کەسێکی دەروننەخۆش کردبوو" و ئازاریان دابوو. ئەو کەسەی ئازاریش دراوە، ناوی موبارەک شەریفە.
موبارەک لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک قسەی ناشرینم بەکەس نەکردووە و ئەوانەیشی لە پۆلیس گیراون وتویانە "بەس بۆ بێتاقەتی ئەوەمان لەگەڵ کردووە." موبارەکە دەشڵێت، هیچ مووچەیەکم نییە و ئەگەر کەسێک پارەم نەداتێت هیچ نییە بیخۆم.
موبارەک لە کۆتایی قسەکانیدا بە گریانەوە باسی ئەوەی کرد کە رۆژانە خەدری لێدەکرێت و سووکایەتی پێدەکرێت و جوێن بە دایک و خوشکی دەدرێت و دەشڵێت "سوێند بەخوا لەو بازاڕە زۆر بیزارم، بەڵام بەسەرخۆمی ناهێنم."
ساڵی رابردوو رووداو لەڕێگەی راپۆرتێکەوە گوزەران و ژیانی موبارەک و خێزانەکەی نیشاندا و دواتر لەڕێگەی خێرخوازانەوە هاوکاریی موبارەک کرا و خانوویەکیان بۆ دروستکرد.